Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمانتارێکی پارتی: لایەنەکان لە خاڵی ھاوبەش نزیک بوونەتەوە

بەغدا -KDP.info- شاندی دانوستانی پارتی لە بەغدا خەریکی دانوستانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر ڕەوشی عێراق و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێ، لێک نزیکبوونەوە ھەیە و بڕیارە پەرلەمان لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆ ببێتەوە.

شیروان جەمال، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەردەوامن و کۆبوونەوەی یەکەم بۆ دیاریکردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانە، دواتر بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، بەڵام تا ئەمڕۆ ڕۆژی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە، بڕیار بوو ئەم حەفتەیە پەرلەمان کۆ ببێتەوە، ھێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دانوستانەکان لە نێوان لایەنە عێراقییەکاندا بەردەوامن."

پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: "لێک تێگەیشتن ھەیە لە نێوان لایەنەکاندا، شاندی پارتییش لە بەغدایە و بەردەوام لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەکان دانوستان دەکات بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق و کوردستان، دانوستانەکانی پارتی لەگەل ھەموو لایەنەکانە بەبێ جیاوازی."

شیروان جەمال ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پارتی دەیەوێ لایەنەکان بگەنە خاڵی ھاوبەش بۆ ئەوەی عێراق لەو قەیرانەی تێیدایە دەربازی ببێت، چونکە ئەگەر پەرلەمان کۆ نەبێتەوە و حکوومەتی نوێ پێک نەیەت ئەوە ناتوانن ھەنگاو بەرەو ھەڵبژاردنی پێشوەختە بنێن، لەبەر ئەوەی حکوومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو بکات، بەپێچەوانەوە ئەگەر لایەنە عێراقییەکان دەیانەوێ ھەڵبژاردنی پێشوەختیش بەڕێوە بچێت، دەبێت سەرۆککۆمار و حکوومەتی نوێ دەستبەکار بن."

قائید میرۆ