Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جێگری پارێزگار: ئامادەکاریی تەواو بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو کراوە

هەولێر -KDP.info- زیاتر لە مانگێکە ئیدارەی ھەولێر خەریکی ئامادەکارین بۆ وەرزی زستان و بەرەنگاربوونەوەی لافاو. جێگری پارێزگاری ھەولێریش دەڵێ، بودجەیەکی باش بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو تەرخان کراوە و حکوومەت پێش مانگێک دەستی بە ئامادەکاری کردووە.

مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەی مانگێکە حکوومەت ئامادەکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو دەکات، نزیکەی ملیارێک و ٦٠٠ ملیۆن تەرخان کراوە تەنیا بۆ کەندی کۆڕنیش، دوو پرد لەسەر کۆڕنشینی ھەولێر دروست دەکرێن. لە لایەکی دیکەوە ٤٠٠ ملیۆن دینار تەرخان کراوە بۆ خاوێنکردنەوەی کۆڕنیش، لەناو سەنتەری ھەولێر دەست بە خاوێنکردنەوەی ئاوەڕۆی ھەولێر کراوە، جگە لەو ئامادەکارییانە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆنفڕانسێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو بەڕێوە چوو، مامۆستایانی زانکۆ خۆیان ئامادە کردبوو، بەڕێوەچوونی کۆنفڕانس ھەنگاوێکی باش بوو لە نێوان زانکۆکان و ئیدارەی خۆجێی ھەولێردا.''

جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتی: "ھەر لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاودا پێش چەند ڕۆژێک ٨٠٠ ملیار دینار خەرج کراوە بۆ دروستکردن و خاوێنکردنەوەی ئاوەڕۆی دەوروبەری شەقامی ١٥٠یی ھەولێر و ئێستا بەڵێندەر دەستی بە جێبەجێکردنی کردووە و کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی زیانەکانی لافاو.''

مەسعود کاڕەش ڕوونی کردەوە: "ئەمساڵ وەک حکوومەت ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ پاراستنی ھەولێر لە لافاو، حکوومەت ناتوانێت ڕێگری لە دروستبوونی لافاو بکات، چونکە گۆڕانکاری لە کەشوھەوا ڕووداوە، وەک ساڵی ڕابردوو لە ماوەیەکی کەم و لەسەر ڕووبەرێکی دیاریکراو بارانێکی زۆر دابارێت، بۆ نموونە لە ساڵی ڕابردوو لە ماوەی دوو کاتژمێردا چوار ملیۆن مەتر سێجا باران باری، ئەوە کێشە دروست دەکات و لافاو پەیدا دەبێت، بەڵام ئێمە وەک ئیدارەی خۆجێی ھەولێر ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە و ئامادەین بۆ ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو.''

قائید میرۆ