Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمەریکا و پێشمەرگە بەردەوام دەبن بۆ لەناوبردنی داعش

ھەولێر-KDP.info- دوێنێ وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری ئەمەریکا لە دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان یاداشتێکی نوێیان ئیمزاکرد و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، یاداشتەکە بۆ ئەوەیە ئەمەریکا و پێشمەرگە بەردەوامبن لەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعش.

لیوا بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی دا رایگەیاند: "دوێنێ یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری ئەمەریکا کرا، کە ساڵی ٢٠١٦ بەدواوە ئەو رێککەوتنە و یاداشتە ھەیە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری ئەمەریکا، دوێنێ جارێکی دیکە یاداشتەکە نوێکرایەوە، جیاوازی واژۆی یاداشتی دوێنێ لە گەڵ ساڵانی رابردوو ئەوەیە پێشتر تەنیا بۆ یەک ساڵ بووە، بەڵام ئەوەی دوێنێ بۆ ماوەیەکی زیاترە، ئەو لێکتێگەیشتنەی ھەیە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا بە ئاگاداری عێراقە و بۆ لەناوبردنی داعشە، کە ئەو ھێزانە ھاوکاری یەکتربن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئەوەی لە سەر ئەمەریکایە ھەموو ھاوکاریەک پێشکەش بە ھێزی پێشمەرگە دەکات".

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "بەرپرسیاریەتی وەزارەتی پێشمەرگەش ئەوەیە بۆ لەناوبردنی داعش ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان و ھێزەکانی ھاوپەیمانان ھەبێت بۆ لەناوبردنی داعش، ھەروەھا وەزارەتی پێشمەرگە پابەندی ئەوە دەکات کۆمەڵێک چاکسازی ئەنجامبدات، لە بوارەکانی مەشق و یەکەی ژمێریاری و یاسایی، ھەردوولا ھاوڕان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش".

لیوا بەختیار محەمەد ڕوونیکردەوە: "رێکارەکانی پێکھێنانی دوو لیوای ھاوبەش بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان لای وەزارەتی پێشمەرگە کۆتایی ھاتووە، تەنیا لەسەر بەغدا ماوەتەوە بۆ دەست بەکاربوونی ئەو دوو لیوایە، بڕیارە دوای دەست بەکاربوونی لەو ناوچانە دەست بەکاربن، وەزارەتی پێشمەرگەش کارەکتەرێکی سەرەکیە بۆ لەناوبردنی داعش، زیاتر لە ھەشتا وڵات و کیان بەشدارن لە ھاوپەیمانی دژی داعش، یەکێک لەوانە پێشمەرگەیە".

 

قائید میرۆ