Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گەڕانەوەی سەربازە دابڕاوەکانی کورد لە سوپای عێراق دەستپێدەکات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی، پرۆسەی گەڕانەوەی سەربازانی کورد لە ڕیزەکانی سوپای عێراق ئەوانەی دابڕاون دەستی پێکردووە، ئەوەش لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆرمێکە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی.

سەگڤان سندی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ڕاستە کە ئەو سەربازانەی لە ڕیزەکانی سوپای عێراق بە ھەر ھۆیەک بێت ئینجا شەڕی داعش بێت یاخود ھۆکاری دیکە بێت دابڕابن، ئێستا پرۆسەی گەڕانەوەکە دەستی پێکردووە و فۆرمێک لە رێگەی لینکێکەوە بە شێوەی ئەلیکترۆنی پڕدەکەن و تەواوی زانیارییەکان لە فۆرمەکەدا ھەن و دەنووسن".

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "ھەموو ئەوانەی دابڕاون دەتوانن فۆرمەکە پڕبکەنەوە، ئەمەش وەکو ئامادەکاریەکە بۆ ئەوەی دەست بە گەڕانەوە بۆ سەر دەوامی خۆیان بکەن، چونکە ھەیە لە پێش ٢٠١٤وە لە سوپای عێراق دابڕاوە، بۆیە ئەو فۆرمە پڕدەکرێتەوە بۆ ئەوەی ئامادەبن ھەر کاتێک فەرمانی گەڕانەوەیان پێبکرێت".

 

بڵند ئیبراھیم