Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. محەمەد شوکری باس لە وردەکاری دروستکردنی ٢٠ ھەزار شوقە لە ھەولێر و سۆران دەکات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان گوتی، لە ھەولێر و سۆران دەست بە دروستکردنی شوقەکان دەکرێت، کە پیشەکیەکی کەم و قیستێکی کەمی مانگانە و بۆ ماوەی ١٥ساڵ دەبێت تا ھەموو قیسەتەکە دەدرێتەوە و ھەر کاتێک ناوچەکانی دیکەش ئامادەبوون لەو ناوچانەش دەست بە دروستکردنی شوقە دەکەن.

دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ھەولێر و سۆران وەبەرھێنەرێکی ناوخۆیی دەست بە دروستکردنی شوقەکان دەکات و رەزامەندیمان داوە نرخی مەترێک بە ٣٣٠دۆلار دروست دەکات، کە ئێمە سێ جۆرە شوقەمان ھەیە ٨٠ مەتری و ١٠٠ مەتری و ١٢٠ مەتری، ئەوەی ٨٠ مەتری پێشەکی ٤ ھەزار دۆلار دەدات و ئەوەی دەمێنێت بە قیستی ١٥ ساڵ دەدرێت کە مانگانە ١٠٦ دۆلار دەدات و ئەوەی ١٠٠ مەتری پێشەکی ٥ ھەزار دۆلار دەدات و ئەوەی دیکەش بە قیستی ١٥ ساڵ مانگانە دەداتەوە و ئەوەی ١٢٠ مەتری پێشەکی ٦ھەزار دۆلار دەدات و ئەوەی دیکەش ماوەی ١٥ ساڵ مانگانە بە قیست دەداتەوە، کە ھیچ قیستێک ناگاتە ١٥٠ دۆلار مانگانە".

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: "داوامان کردووە کە ھەفتەی داھاتوو راستەوخۆ دەست بە کارکردن بکرێت لە دروستکردنی شوقەکان، ئەمە بۆ ھەولێر و سۆرانە و بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانیش کەی ئامادەبوون لەو ناوچانەش دەستپێدەکەن و لە ھەموو ناوچەکانیش یەک جۆری نرخ ھەیە و ھەوڵدەدرێت ژمارەی شوقەکانیش زیادبکرێت".

 

بڵند ئیبراھیم