Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە پەراوێزی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا بۆ لەندەن

هۆشیار سیوەیلی

ئەمڕۆ پێگەی گەلی کوردســـتان بە گشتی و پێگەی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە سەر شانۆی نێودەوڵەتی و ناوچەکەدا دیار و بەهێزە و لە مێژووی کۆن و نوێدا هەرگیز لەم پێگەیەدا نەبوون. بەشداربوونی سەرۆکی هەرێمی کوردســـتان لە مەراسیمی بەخاکســـپاردنی شاژنی بەریتانیا و سەردانی پێشووتری سەرۆکی حکومەت بۆ لەندەن و بینین و سەردان و کۆبوونەوەکانی ســـاڵانی ڕابردووش لە گەڵ گەورە بەرپرسانی بەریتانیا و وڵاتانی تر بەڵگەی ئاشـــکرای بەهێزیی ئەو پێگەیەن. هۆکاری سەرەکی ئـــەو گرنگیپێدانەش بوونی بەرژەوەندی هاوبەشـــە لـــە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەو دەوڵەتانەدا. زۆرجـــار گوێم لەوە دەبێت کە بەریتانیا دۆســـتی کورد نییە و تەنانەت کەمیش نیـــن ئەوانەی کە هەڵوێســـتە کۆنەکانی ئـــەو وڵاتە بەرامبەر کوردستان دەخەنە خانەی (دژمنایەتی)یەوە و هەڵوێست و ڕووداوەکانی دوای یەکـــەم جەنگـــی جیهانی و ڕیفرانـــدۆم وەک نموونـــەی خراپی هەڵوێســـتی بەریتانیا باســـدەکەن. حەز ئەکەم پێداگری لەســـەر ئەوە بکەم کە ئەو هەڵوێســـتە خراپانەی ئەو کاتانەی بەریتانیا و هەڵوێستی (دۆستانە)ی ئێستایان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەو وڵاتە بنیات نراون. نە هەڵوێســـتی خراپی ئەو ســـەردەمانە هەڵقوڵاوی ڕق و تۆڵەســـەندنەوە و پاکتاوکردنی کورد بووە و نە دۆستایەتی ئەمڕۆشیان چەکێکی ســـپی یان کراوەیە بۆ ئێمە، بەڵکـــو بەرژەوەندییان لەوەدایە پەیوەندییان لە گەڵ هەرێمێکی بەهێزی پەرەسەندووی سەقامگیر هەبێت و ئێمەش بەرژەوەندیمان هەیە لە پشتگیری ئەوان بۆ هەرێمی کوردستان و هاوکاریکردنیـــان بۆ حکوومەت و دەزگاکانی حوکمڕانیمان. هەر لەبەر ئەمەشە کە هەوڵی جدی دەدەن بەڕێوەبردن و حوکمڕانییەکەمان بە دەزگا (دامەزراوە)یی بکەن و هێزی پێشمەرگە یەکبخەن و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی باشتر و پێشتر بخەن. مـــن لام وایە لەبەر ڕۆشـــنایی تیۆری (ڕیالیزم)دا بـــۆ پەیوەندییەکانی نێودەوڵەتـــی و دوور لـــە ئایدیاڵیزم و کەفوکوڵی ســـۆزاوی دەتوانین لێکدانەوەی دروستتر و شیاوتر بۆ هەڵسوکەوت و پەیوەندییەکانی وڵاتان بکەین. هـــەروەک ئەڵێن و جاری تریش وتوومە، لـــە پەیوەندی نێوان دەوڵەتان و وڵاتاندا دۆستایەتی و دژمنایەتی بە ڕبەی بەرژەوەندییەکان دەپێورێن.