ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی، واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ھەرێم و ئەمەریکا گرنگیەکی زۆری ھەیە و قورسایی ھەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی نیشان دەدات و ئەمەش نوێکردنەوەی ھاوپەیمانیەتی نێوان ھەرێم و ئەمەریکایە.
رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٢/٩/٢١ لە ڕێوڕەسمێکدا بە سەرپەرشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و خاتوو سێلێست واڵندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی و شاندی یاوەری و بەڕێزان جێگرانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، ژمارەیەک لە وەزیران و راوێژکارانی سەربازی، یاداشتێکی لێکگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکادا واژۆکرا.
لەمبارەیەوە راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بابەکر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە زۆر گرنگە کە ئەمەریکا گەورەترین وڵاتە و گرنگیەکەشی نەک تەنھا لە ڕووی سەربازی بەڵکو لە ڕووی سیاسی و ئابووری و دیبلۆماسیش ھەیە و دەبێتە ھاوپەیمانیەتیەک لە ناوچەکە کە ئارام نیە و ھەموو کێشەیە، بۆیە ئەم رێککەوتنە زۆر گەورەیە و دەبێتە ھۆی پاراستنی ھەرێم و ھەر دەستدرێژیەک بکرێتە سەر ھەرێم دەپارێزرێت و ئەمەش زەمانەتێکە بۆ ھەرێم".
بابەکر زێباری گوتیشی: "ئەمە نوێکردنەوەی ھاوپەیمانیەتییە و ئەوانیش بەرژەوەندیان لە ھەرێم ھەیە و ھەرێمیش بەرژەوەندی لە گەڵ ئەوان ھەیە، بەڵام بەرژەوەندی ئەوان زیاتر لێرە ھەیە و جگە لەوەش ھاوکاریان بۆ پێشمەرگە لە ڕووی ماددی و پرچەککردن و مەشق و راھێنان و رێکخستن بەردەوام دەبیت، بۆیە ھاوکاری ئەوان زۆر گرنگە و پێدانی زانیاری ھەوالگری و ھەر کاتێک پێویستمان بە ھاوکاری ئاسمانی ھەبێت ھاوکاریمان دەکەن و قورسایی ھەرێمیش لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی نیشان دەدات".
زێباری ڕوونیشیکردەوە: "ھێزی پێشمەرگە ھێزێکی دەستووری و بەشێکە لە مەنزومەی عێراقی و لەڕووی دەستووری ئەوە یەکلایی کراوەتەوە".
بڵند ئیبراھیم