دهۆک -KDP.info- دوای ڕاگرتنی بۆ ماوەی نۆ مانگ کێشەی مووچەی 327 کارمەندی سەر بە تەندورستیی دهۆک چارەسەر کرا.
د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ماوەی نۆ مانگە مووچەی 327 کارمەندی تەندروستیی دهۆک ڕاگیراوە و کێشەی هەبووە، بەڵام دوای هەوڵێکی زۆر توانرا کێشەکە چارەسەر بکرێت و مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت، هەموو ئەو مووچانەی پێیان نەدراوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەرجی دەکات و مافی هیچ کارمەندێک نافەوتێت.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک گوتیشی: "لەم حەفتەیەدا کارمەندانی تەندروستیی دهۆک مووچەی سێ مانگیان بۆ خەرج دەکرێت و دوو مانگی داهاتووش هەر مانگێک مووچەی سێ مانگیان پێ دەدرێت.''
د. ئەفراسیاب مووسا ڕوونی کردەوە: "ئەو 327 کارمەندە گرێبەستن و پێشتر مووچەیان لەسەر بودجەی پەرەپێدان بووە، دوای ڕاگرتنی مووچەکانیان وەزارەتی دارایی کێشەکەی چارەسەر کرد و مووچەیان لەلایەن دارایییەوە خەرج دەکرێت و کێشەکە کۆتاییی هاتووە.''
قائید میرۆ