هەولێر-KDP.info- د. جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی چەندین پرسی جیاواز، وەڵامی ڕۆژنامەنووس، کاروان باعەدری، پەیامنێری ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەداتەوە.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ئێستا پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لە چ ئاستێکدایە؟
جەعفەر ئێمینکی: پەیوەندییەکانی پارتی و یەکیتی لە ئاستێکی باشدان و ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو باشتریش دەچن.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: هاوپەیمانی لە نیوان پارتی و ڕەوتی سەدر و سیادەدا هەبوو، ئێستا پەیوەندییەکان چۆنن؟
جەعفەر ئێمینکی: ئەوکاتیش هاوپەیمانی نەبوو، ئیستاش باسی هاوپەیمانی ناکەین، بەڵکوو باسی پەیوەندیی ئاسایی دەکەین، پەیوەندیی پارتی لەگەڵ تەیاری سەدر و ئیتاری تەنسیقی ئاساییبوونە و ئیستاش ئاسایییە، پێشتر پڕۆژەیەک هەبوو بۆ پێکهینانی حکوومەت، ئەوکات پارتی بووە بەشێک لەو پڕۆژەیە، بەڵام ئەوان خۆیان کشاندەوە، ئیستا پارتی بەشیکە لە حوکمڕانیی عێراق.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان حکوومەتی هەریم و عێراقدا هەبوو، ئەو ڕێککەوتنە نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە؟
جەعفەر ئیمینکی: پرسی شنگال پرسێکی زیندووە، هیچ کەسێک ناتوانێت پشتگوێی بخات، بەڵام جێبەجێکردنی پێویستی بە هەلومەرجێکی باشترە و چاوەڕوانی پێکهینانی حکوومەتی عێراقین بۆ ئەوەی جاریکی تر ئەم پرسە بخرێتە سەر مێزی دانوستاندن.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی: ئیستا دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم خراپە، ڕوئیای پارتی چۆنە؟
جەعفەر ئیمینکی: ڕوئیای پارتی ڕوئیایەکی چارەسەرییە، دەبێت چارەسەری بۆ ئەم ناوچانە بدۆزرێتەوە و دەبێت ئەم ناوچانە گرنگییەکی گەورەتریان پێ بدریت، گرنگییەکی سیاسی، خزمەتگوزاری، ئیداری و حوکمڕانی، گرفتی گەورە لەو ناوچانە گرفتی نەبوونی ئاسایشە، هەندیک خەڵک و گرووپ لەو ناوچانەن، دەبێت نەمێنن، چونکە زوڵم و ستەم دەکەن. دەبێت دۆخی ئەم ناوچانە ئاسایی بکرێنەوە، دەبێت لە خانەقین تا شنگال کێشەی ئەمنی چارەسەر بکرێت، ئەم ناوچانە سەرەتا پێویستیان بە چارەسەرکردنی دۆخی ئەمنییە و دواتریش پرسەکانی دیکە.