Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆنگرەی ئەم جارەی پارتی کۆنگرەی نوێبوونەوە و گۆڕانکاری دەبێت

گەرمیان -KDP.info- بەرپرسی لقی 22ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان گوتی، کۆنگرەی ئەم جارەی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی نوێبوونەوە و جۆری دەبێت و کادیری نوێ دێنە پێشەوە و دەچنە سەرکردایەتی، چونکە لە هەموو کۆنگرەکانی پارتی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە هەبووە و گرنگییەکی تایبەتیش بۆ ئەم کۆنگرەیە بە ئافرەت دراوە.

بەرپرسی لقی 22ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان، ئەکرەم ساڵح، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئامادەکارییەکانی کۆنگرە و پرۆسەی کۆنفرانس بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە زیاتر لە نیوەی بەڕێوە چووە و بەپێی ئەنجامە سەرەتایییەکان ئەو کادیرانەی متمانەیان بەدەست هێناوە، کادیری خاوەن ئەزموون و بژاردەن و ئەوە ئاماژەیەکە کە کۆنگرە باش و جۆری و لە ئاستێکی بەرز دەبێت، بەتایبەت ئەو کۆنگرەیە لەدوای 12 ساڵ لە بەستنی کۆنگرە دەبەسترێت و خودی سەرۆک بارزانی سەرپەرشتیی دەکات، هیوای گەورەمان هەیە ببێتە وێستگەیەکی گرنگ لە نوێبوونەوە لە ژیانی حزبایەتی و پارتایەتی بە شێوەیەکی گشتی.''

ئەکرەم ساڵح گوتیشی: ''لە هەموو کۆنگرەکانی پارتیدا جۆرێک لە گۆڕانکاری و نوێبوونەوە هەبووە و بەدڵنیایییەوە لەم کۆنگرەیەشدا خەڵکی نوێ دێنە پێشەوە، چونکە ئەو کۆنگرەیە 12 ساڵی بەسەردا تێپەڕ بووە و کادیری زۆر بەتوانا پێگەیشتوون بۆ ئەوەی متمانەی کۆنگرە بەدەست بێنن، بۆیە گومانم نییە کە کۆمەڵێک کادیری نوێ دەچنە سەرکردایەتی.''

ساڵح باسی لەوەش کرد: ''پارتی لە کۆنگرەی 13 بایەخی بە ئافرەت داوە و لەم کۆنگرەیەشدا لە کۆنفرانسەکان 25%ی ڕێژەی بۆ ئافرەت داناوە و ئەم ڕێژەیە لە ئاستی کۆنگرە ڕێژەیەکی بەرچاوە و ئەمە خۆی لە خۆیدا وا دەکات، ئافرەت لە کۆنگرەدا ڕێژیەکیان متمانە بەدەست بێنن و بگەنە ئاستی سەرکردایەتی.''

 

بڵند ئیبراهیم