Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆتایی ئەم مانگە دوو لیوای ھاوبەش دەست بە مەشق و ڕاھێنان دەکەن

بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە دوو لیوا ھاوبەشەکە دەست بە مەشق و ڕاھێنان بکەن و دەشڵێ، ماوەیەکە بەھۆی چلەی ئیمام حوسێنەوە ئۆپەڕاسیۆنەکان وەستاون و ئەگەر پێویست بکات ئەنجام دەدرێن.

عەمید ڕوکن عادل زەنگەنە، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەکانی ڕابردوو چەند ئۆپەڕاسیۆنێکی ھاوبەش لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەڕێوە چوون، بڕیارە بەردەوام بێت، بەڵام بەھۆی بەڕێوەچوونی چلەی ئیمام حوسێنەوە ڕاگیراون، ئەگەر پێویست بکات لە ھەر کاتێکدا ئۆپەڕاسیۆن بەڕێوە دەچێت.''

لەبارەی کاریگەریی ئۆپەڕاسیۆنەکانەوە فەرماندەکەی پێشمەرگە گوتی: "ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش زیاتر بۆ لاوازکردنی تیرۆریستانی داعشە، چونکە داعش وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی لە چەند ئۆپەڕاسیۆنێکدا کۆتاییی نایەت، بەڵام کاریگەریی ھەبووە لەسەر لاوازکردنیان.''

عەمید ڕوکن عادل زەنگەنە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بڕیارە کۆتاییی ئەم مانگە، یان سەرەتای مانگی داھاتوو ھەردوو لیوای ھاوبەش دەست بە مەشق و ڕاھێنان بکەن و دواتر پڕچەک دەکرێن و لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم جێگیر دەکرێن بۆ ئەوەی ئەو شوێنانەی بۆشاییی ئەمنییان ھەیە، زیاتر کۆنتڕۆڵ بکرێن.''

 

قائید میرۆ