Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

محەمەد شوکری بۆ KDP: ئاگاداری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانمان کردووە پەلە بکەن

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان گوتی، پرۆسەی دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی کوردستان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرەتاش لە ھەولێر دەستپێدەکەین و رێکارەکان تەواو بوونە و حەفتەی داھاتوو گرێبەست لەگەڵ وەبەرھێنەر دەکەین بۆ دەستپێکردنی دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون.

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەبارەی دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ھەژار و کەمدرامەتان لەئێستادا رێکارەکان تەواوبوون و گەیشتۆتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، ئێستا لە پارێزگای ھەولێر دەست بەجێبەجێکردنی کراوە و وەبەرھێنەر و قیست و نرخ و زەویش دیاریکراون، ھەفتەی داھاتووش بۆ دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە ھەولێر گرێبەست لەگەڵ وەبەرھێنەر دەکەین بۆ ئەوەی دەست بەکارەکانیان بکەن".

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: "جگە لەوەش ئاگاداری پارێزگاکانی دیکە و ئیدارە سەربەخۆکانمان کردووە ئەوانیش پەلە بکەن لە دیاریکردنی زەوی و وەبەرھێنەر، بۆ ئەوەی لە پارێزگاکانی دیکە و ئیدارە سەربەخۆکانیش دەست بە ھەنگاوی کرداری بکرێت و دەست بەجێبەجێکردنی پرۆسەکە بکرێت".

شوکری باسی لەوەشکرد: "لە ھەولێر نرخێکی گونجاو دیاریکراوە و قیستەکانیش مانگانە دەبێت و درێژخایەنە کە ١٥ ساڵ دەخایەنێت، بۆیە ئێمە پێمان وایە دیاریکردنی نرخەکان لەچاو یەکەکانی نیشتەجێبوون زۆر باشە و گونجاوە".

 

بڵند ئیبراھیم