Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

٢٠ی ئەم مانگە دواین وادەیە بۆ لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی ئاوی سەر هاووڵاتییان و درێژ ناکرێتەوە

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان گوتی، 20ی ئەم مانگە دواین وادەیە بۆ لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی ئاوی سەر هاووڵاتییان و ئەم جارە دواین جارە و ئیدی درێژ ناکرێتەوە، بۆیە ئەمڕۆ شەممەش بوو، دەوام هەبوو بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵک لەو بڕیارە سوودمەند بن .

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پرسی لێخۆشبوونی15%ی قەرزی ئاو لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران یەکلایی کراوەتەوە و ئەم جارە ماوەکەی درێژ ناکرێتەوە و20ی ئەم مانگە کۆتایی بە وادەکەی دێت، بۆیە ئەم جارە دواین وادە دەبێت، هەربۆیە ئەمڕۆ کە پشووە دەوامی فەرمانگەکانی ئاو هەبووە، بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵک لە بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی ئاو سوودمەند بن.''

ئاری ئەحمەد گوتیشی: ''تاوەکوو ئێستا سەرووی300 ملیار دینار قەرزی ئاوی ماڵان لای هاووڵاتییان ماوە و ئەو ماوە خەڵکێکی زۆر سەردانی فەرمانگەکانی ئاویان کردووە و قەرزەکەیان داوەتەوە، بۆیە هیوادارین ئەوانەی قەرزی ئاویان لەسەرە سەردانی فەرمانگەکان بکەن و قەرزەکە بدەنەوە، بۆ ئەوەی سوود لەو لێخۆشبوونە وەربگرن، چونکە دواجارە و درێژ ناکرێتەوە.''

 

بڵند ئیبراهیم