Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پڕۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ٨٠٠ ئەندامی کۆنگرەی ١٤ـی پارتی دەستی پێکرد

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٢٧ی مانگ پڕۆسەی ھەڵبژاردن بۆ ئەندامانی کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی پێکرد، دوو بازنەش بۆ فڕاکسیۆنەکانی کوردستان و بەغدای پارتی زیادکران.

نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی کۆنگرەی ١٤ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەکانی ھەڵبژاردنی مەندووبانی کۆنگرەی ١٤ـی پارتییمان بەگشتی دەستیان بە کارەکانیان کردووە، لەو شوێنانەی پلانیان بۆ داناوە پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە ئەمڕۆوە بەڕێوەدەچێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: "پێنچ لیژنەی سەرەکییمان ھەیە لە پارێزگاکان سەرپەرشتی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی مەندووبانی ئەندامانی کۆنگرە دەکەن، ھەروەھا لیژنەیەکی تایبەتیشمان ھەیە بۆ ھەڵبژاردنی مەکتەبە ناوەندییەکان".

ھاوکات گوتیشی: "ئەندامان بۆ ھەڵبژاردنی مەندووبەکانی کۆنگرە دەبرێنە ئەو بازنەیەی بۆیان دیاریکراوە کە تێدا دەنگ دەدەن، دەشڵێ، بازنەی یەک و بازنەی دوومان ھەیە بۆ فڕاکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق، لە فڕاکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان ٩ ئەندام سەردەکەون و بۆ فڕاکسیۆنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ٦ کەس سەردەکەوێت".

 

 عەزیز ڕەسووڵ