Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئامێدی: دوو کێشە لەبەردەم دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردنەکانی عێراقن

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی پێشووتری کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایکرد، دوو کێشەی سەرەکی لەبەردەم پرۆسەی دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردنەکانی عێراقدان و دەڵێ، ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئێستا رێکاری دەستووری خۆی ھەیە.

سەربەست ئامێدی، سەرۆکی پێشووتری کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوای بە بنبەست گەیشتنی پرۆسەی سیاسی عێراق لە ئێستادا ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن ھەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە، لایەنە عێراقیەکان بەسەر دووبەرە دابەش بوونە بەشێکیان لەگەڵ دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردنن بەشێکی دیکە مەرجیان ھەیە بۆ ھەڵبژاردن، ئەوەش مانای ئەوە دەگەیەنێ ھەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە".

سەرۆکی پێشووتری کۆمسیۆن دەشڵێت: "دوو کێشە ھەن لەبەردەم پرۆسەی ھەڵبژاردن ئەگەر بێت و دووبارە ئەنجامبدرێتەوە کێشەی یەکەم، ئایا ئەم حکوومەتەی ئێستا ھەڵبژاردن بەڕێوەدەبات یانیش حکوومەتێکی نوێ پێکدێت، ئەمەیان چوارچێوەی ھەماھەنگی رازی نین حکوومەتی ئێستا ھەڵبژاردن بەڕێوەببات، کێشەیەکی دیکە سیستەم و شێوازی ھەڵبژاردنەکانە رەوتی سەدر لەگەڵ سیستەمی ئێستای ھەڵبژاردن و لایەنی بەرامبەر داوای گۆڕینی سیستەمی ھەڵبژاردن دەکات بۆ سیستەمی ژماردنەوەی دەستی".

لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش سەربەست ئامێدی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "بەگوێرەی دەستووری عێراق  بە دوو رێگا پەرلەمان دەتوانێت خۆی ھەڵوەشێنێتەوە ئەوانیش، یان سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران داوایەک پێشکەش بکەن یانیش ئەوەتا ژمارەیەک پەرلەمانتار داواکاری پێشکەش بکەن، کە پێموایە رێگای دووەم ئێستا لەبەردەستە و ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران دەبێت".

 

قائید میرۆ