Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بڵاوکرایەوە

بەغدا-KDP.info- ڕۆژی چوارشەممە 17ـی 08ـی 2022 بە ئامادەبوونی سەرۆک و نوێنەری حزبە سیاسییەکانی عێراق و جینین پلاسخارت، نێردەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق لەسەر بانگهێشتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکە کە فوئاد حوسێن وەک نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی بوو، دوا گۆڕانکارییەکانی ڕەوشی سیاسیی عێراق تاوتوێ کرا.

هەر لە کۆبوونەوەکە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتن:-

- چارەسەری قەیرانەکان لە ڕێگەی دیالۆگ بکرێت، لەپێناو پاراستنی یەکڕیزی عێراق و ئاسایش و سەقامگیری گەلەکەی.

- ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕووداوێکی نائاسایی نییە لەمێژووی دیموکراسی کاتێک قەیرانە سیاسییەکان دەگەنە بنبەست. هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان لە هەڵبژاردنەکان بەپێی دەستوور مامەڵە دەکەن.

- داوایان لە ڕەوتی سەدر کرد بۆ گفتوگۆ، تاوەکو چارەسەرێکی گونجاو و هەمەلایەن دابنێن بۆ بەدیهێنانی خواستی گەل.

- لایەنەکان لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆی نیشتمانی ڕێککەوتن؛ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان بەپێی یاسا و دەستوور.

- جەخت کرایەوە لەسەر ڕاگرتنی ئاڵۆزییە مەیدانی و سیاسیی و میدیاییەکان، جەختیش لە پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکان دوور لە وروژاندن کرایەوە، هەروەها بانگەوازی میدیاکان کرا بۆ پشتگیریکردنی لە دیالۆگی نیشتمانی و ئاشتی کۆمەڵایەتی، لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی گەل.