Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی بۆ KDP: دۆخی عێراق بەرەو ئارام بوونەوەیە

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە ئێستادا دۆخی سیاسی عێراق بەرەو ئارامبوونەوە دەچێت، بۆیە نزیک دەبینەوە لە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق، کە بەھۆی ئەم دۆخەی ئێستای عێراق دانیشتنەکان ھەڵپەسێردرابوون.

دکتۆرە ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەئێستادا دۆخی سیاسی عێراق بەرەو ئارامبوونەوە دەچێت و بەھۆی خۆپێشاندانەکان کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بەبڕیاری سەرۆکی پەرلەمان ھەڵپەسێردراون، بەڵام بەھۆی ھێوربوونەوەی دۆخەکە نزیک دەبینەوە جارێکی دیکە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێبکەنەوە".

دکتۆرە ڤیان سەبری گوتیشی: "لەئێستادا و لەم بارودۆخەدا ئەنجامدان و دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق زۆر گرنگە، ھاوکات لەبارەی داواکاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراق، دکتۆرە ڤیان سەبری گوتی، ئەگەر بمانەوێت ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بڕیاری لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی ئەنجامبدرێت پێویستە بگەرێینەوە بۆ دەستووری عێراق و بەپێی دەستوور بڕیار بدرێت".

 

بڵند ئیبراھیم