Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە سالیادی دامەزراندنی پارتیدا

ئەمیر جەرگیس*

لە مێژووی ٧٦ ساڵی ڕابردوو دا لە سایەی تێکۆشانی ئازادی و سەربەخۆخوازیی دا کە  بە سەرۆکایەتی بارزانی نەمر و تێکۆشەرانی کوردستان و  دووربینی بارزانی نەمر بۆ ئایندەی دۆزی ڕەوای گەڵی کورد و پشتگیری و هاندانی پێشەوا قازی موحەممەد، یەکەم سەرۆککۆماری کوردستان لە مێژووی هاوچەرخی کورد دا پارتی لە ١٦/٨/١٩٤٦ تێیدا دامەزراوە و لە سایەی ئازادی و لە ژێر سێبەری ئاڵای پیرۆزی کوردستان و لە سەردەمی یەکەم کۆماری کوردستان لە مێژوو دا هەروا جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانیش وەک خەڵاتێکی یەزدانی و موژدەیەکی خۆش لە ڕۆژی دامەزراندنی (پ.د.ک) دا لە ١٦/٨/١٩٤٦ لەدایکبووە بە وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ لە مێژووی هاوچەرخی کورد هەژمار دەکرێت، کە لەو ڕۆژەوە هیوا و بڕوابەخۆبوون جێگەی نائۆمێدی و شکەستەکانی گرتەوە و بە دامەزراندنی پارتی نەوەیەکی نوێش لە سەدەی ڕابردوو لەدایکبوون کە لە سەدەی تازەش دا سەرکردە و پێشمەرگەی پێشەنگی خەباتی ڕزگاریخوازی و سەربەخۆخوازانەن بۆ یەکگرتنەوەی کوردستان و هەڵسانەوەی کورد، هەر بۆیە ئەمڕۆ (پ.د.ک) وەک قوتابخانەیەکی ڕەسەن بۆ بەرزکردنەوەی هەستی نەتەوەیی و کوردایەتی و سەربەخۆخوازیی نیشتیمانی و لە بەر ڕۆشنایی دیدگای سیاسی و نیشتیمانی و شۆڕشگێڕی و بنەماکانی هزری بارزانی نەمر بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردستانی و دروستکردنی مرۆڤی کورد کە بڕوای بە خۆی و دۆزە ڕەواکەی هەبێت بوو بە پێشەنگی خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕی و دیپلۆماسی کورد و بە درێژایی ٧٦ ساڵی ڕابردوو، زۆرترین دەستکەوتی بۆ گەڵەکەی هێناوەتە دی و بۆ بەهێزکردنی گیانی بەرگریکردن لە کوردستان و بۆ هێنانەدی ئازادی و سەربەخۆیی و دادپەروەری و ئاشتی و دیمۆکراسی و یەکگرتنی کوردستانییەکان پارتی و ڕێبازی کوردایەتی بارزانی بەردەوام لە گەشەسەندندا بووە. پارتی وەک مودێلێکی هزری نیشتیمانی و نەتەوەیی بە هۆی پەیڕەوکردنی سیاسەت و ستراتیژی سەرکەوتووانەی لە پشتبەستن بە تواناکانی زاتی جەماوەر و کۆمەڵگای کوردستانی و بڕوا بەخۆبوون و خۆ نوێکردنەوە و ڕەخنە لە خۆگرتن و لەخۆبایی نەبوون لە کاتی سەرکەوتنەکان و هەڵسانەوەی لەکاتی شکەست و پیلانگێڕییەکانی داگیرکەران دژ بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی نیشتیمانی کوردستان و خۆگونجاندن و بڕوابوونی پارتی بە بنەماکانی ڕێبازی کوردایەتی و بارزانی نەمر و لەبەر ڕۆشنایی سوودوەرگرتن لە خەبات و تێکۆشانی شۆڕشەکانی میللەتانی تر و پارتە پێشکەوتنەکانی جیهانی لە بلۆکبەندییەکانی سیاسی تر کە پارتی خۆیان لێیانەوە نزیک دەزانێ و پەیوەندی سیاسی و دۆستانەشی لەگەڵیان دا بنیاد ناوە بۆ ئەوەی پشتیوانی و هاوسۆزییان بۆ دۆزی ڕەوای گەڵی کورد  بەدەست بێنێ و بڕوابوونی بە پرەنسیپەکانی دیمۆکراسی و پرۆسەی بە بەردەوامی بەخۆداچوونەوە و خۆ نوێکردنەوە و داڕشتنی سیاسەتی و پلان و ستراتیژی و دیپلۆماسی جەماوەری و گرنگیدان بە خاکەرایی سەرکردەکانی و تێکەڵاوبوونی بەرپرسان و کادیران و ئەندامانی پارتی لەگەڵ جەماوەر و دڵسۆزی و قوربانیدانی باوەرمەندانی ڕێبازی پارتی و بارزانی بۆ نیشتیمان و دۆزە ڕەواکەی و بە باڵازانینی بەرژەوەندی نیشتیمانی و نەتەوەیی کوردستان لە سەرووی بەرژەوەندی پارتی و هەموو بەرژەوەندییەکی ترەوە و بە هۆی هەبوونی سەرکردایەتییەکی حەکیمانە و ژیرانە و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی سەربەخۆ و مەشروعیەتی یەک گووتاری (دیسکۆرس) لە ناو پارتیدا و خۆ بەستنەوەی پارتی بە بنەماکانی ڕێبازی کوردایەتی و هزری سەربەخۆخوازانەی بارزانی نەمر و ئاوێتەبوون لەگەڵ جەماوەر و کۆمەڵگای کوردستان لەسەردەمی ئاشتی و شەڕ و سەرکەوتن دا و مسۆگەر کردنی پشتگیری جەماوەری و ڕێبەرایەتییکردن گەڵ و بەرگەگرتن لەبەرامبەر گۆڕانکارییەکان و هەڕەشە و مەترسییەکان و ئەو گەلەکۆمە ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییانەی دژ بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی و بە تایبەتیش ڕاستەوخۆ دژ بە پارتی و ڕێبازی بارزانی و سەرکردەکانی لە ڕابردوو دا کراوە، پارتی سەربەخۆیی خۆی پاراستووە و پشت لە داگیرکەران و ڕووی لە گەڵەکەی بووە. پارتی سەڵماندوویەتی کە بە خۆڕاگری و سیاسەت و ستراتیژی ژیرانەی لە بەرگریکردن لە کوردستان و گەشەپێدانی ئەزموونی سیاسی و دیمۆکراسی و مانەوەی کوردستان بە یەکگرتوویی بەسەر هەموو کۆسپ و تەگەرەکان دا سەرکەوتوو بووە. بە هەموو پێوەرەکان پارتی خاوەنی تۆڕێکی جەماوەری گەورەیە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و لە دیاسپۆرا، هەڵگری سیاسەتێکی نیشتیمانی و کوردستانی  بەهێزە، هەڵگری ئامانجی  ستراتیژی و نەتەوەییە بۆ کوردستان، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی سیاسەت و دیپلۆماسییەکی سەرکەوتوو پەیڕەو دەکات، خاوەنی هێزێکی سیاسی و توانای مرۆیی گەورەیە، خاوەنی گوتارێکی سیاسی بەهێزە لە بەرامبەر گوتاری لایەنەکانی تری دژ بە کورد و ئەزموونی سیاسی و دیمۆکراسی هەرێمی کوردستان، پارتی هەڵگری لێبووردەیی سیاسی و ڕێزگرتن لە بیرۆڕای جیاوازە، پارتی پێشەنگی چەسپاندنی گیانی لێبووردەیی و کەلتووری بەرزی پێکەوەژیانی نێوان هەموو ئایین و نەتەوەکانی کوردستان و بەرگریکارێکی سەرسەختی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەیی و ئایینی و ئیتنی یە، پارتی پێشەنگی هزری ئازادیخوازی و سەربەخۆخوازییە و دیمۆکراسی و ئاشتی و دادپەروریش لە بنەما سەرەکییەکانی سیاسەت و ستراتیژی پارتین. پارتی تۆڕێکی فراوانی لە بواری پەیوەندییەکانی نێودەوڵەتی دا هەیە و لە سەردەمی ئاشتی و دیالۆگ و شەڕ دا پارتی بە ناوەندی سەنگی کورد هەژمار دەکرێت، پارتی شارەزایی و مێژوویەکی سەرکەوتووی لە بواری حوکمڕانی لە کوردستان و لە دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دا هەیە، خاوەنی قۆڵایی جوگرافی و ستراتیژییە، فاکتەر و داینەمۆی سەقامگیری و ئاشتی ناوخۆییە، پارتی ئایندەسازی و دەوڵەتسازی و نەتەوەسازی دەکات. لە خەبات دا و وردبین و دووربینە، پارتی لە ڕووی پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی خاوەن زانیاری و هێز و وریاییە، خاوەن سەرکردەیەکی کاریزمایی و سەرکردایەتییەکی بەهێز و یەکگرتووە، پارتی بەردەوام قوتابخانەی پێگەیاندنی سەرکردە و کادیری لێهاتوو بووە بۆ خزمەتی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی. سەرەڕای پیلانگێڕییەکانی ناحەزانی دژ بە پرۆسەی سیاسی و ئەزموونی حوکمڕانی لە کوردستان بەڵام پارتی سەرکەوتوو بووە لە هەموو هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ دا و بەردەوام جەماوەر و دەنگدەری پارتی لە زیادبووندا بووە، پارتی داینەمۆی پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستانە و بەرگەی هێرش و پەلامارەکانی دوژمنانی کوردستانی گرتووە و بە لێهاتوویی سەرکردایەتی بەرەی پارێزگارتیکردن لە دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە. داکۆکیکاری سەرسەختی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی بووە لە نێو پەرلەمان و دامەزراوەکانی عێراقی فیدراڵ دا. پارتی پارسەنگی هێزی هەرێمی کوردستانە، هەر بۆیە لە کاتی سەرهەڵدانی ناکۆکیی ناوخۆیی و قەیرانی سیاسیی و بە بنبەست گەییشتنی پرۆسەی سیاسی لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ دیالۆگ و چارەسەرکردنی سیاسی و ئاشتییانەی پرسی کورد و سەرخستنی ئەزموونی حوکمڕانی لە کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی سیاسی ناوخۆیی لە عێراق هەموو ڕێگاکان دێنەوە لای پارتی و جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی. پارتی هەردەم پشت ئەستوور بووە بە توانای خۆی و پشتگیری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و دەزگا و دامەزراوەکانی ئاساییشی ناوخۆیی هەرێم. ڕا و تێڕوانینی گشتی دەری خستووە هەرکاتێ پارتی بەهێز بووبێت کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بووە  و دڵنیایی و گیانی بەرگریکردنیش لای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان گەشەی سەندووە. کوردستان ئاوەدان و لە دڵنیایی و پێشکەوتن دا بووە. ڕابردوو و ئێستاش دەریخستووە سیاسەتی حەکیمانەی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ژیرانە و واقعبینانەیان لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی و زۆر فاکتەری تر هۆکاربوون بۆ ئەوەی (پ.د.ک) بە پارتی پلەیەکی کوردستان بمێنێتەوە و بۆ بڕیاردان و یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی سیاسی لە پرۆسەی سیاسی و گەشەپێدان بە دیمۆکراسی هەرێمی کوردستان و لە عێراقی فیدراڵ دا پایەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بەهێزتر بوون. پارتی وەک زەروورەتێک لە کۆمەڵگای کوردستان بۆ ئێستا و ئایندە پێگەی بەهێزی خۆی دەپارێزێ، هاوکات لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش پارتی بە لایەنێکی گرنگ و هاوبەشێکی بڕواپێکراو و بە بەرگریکارێکی سەرسەختی مانەوەی کوردستان بە بەهێزی هەژمار دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد و یەکلاییکردنەوەی پرسەکانی نیشتیمانی و نەتەوەیی. گەلەکۆمەی سیاسی و سەربازی و گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی ناوخۆیی کوردستان و ناوچەکەش لە ڕابردوو دا دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ئێستا و ئایندەی پرسی کورد لە دەستێکی ئەمین دایە و دوژمنانی دۆزی ڕەوای گەڵی کورد و ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان دەزانن تیری تۆڵە ئاراستەی کێ دەکەن، هەر بۆیە دوژمنانی پارتی و ڕێبازی کوردایەتی بارزانی نەمر ناتوانن تاسەر سیاسەتی پیلانگێڕی و پەراوێزکردن لەسەر کوردستان جێبەجێ بکەن. ئەمڕۆ لەسایەی وێنەی گەشی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئاشتیخوازانە و ڕێزگرتن لە دیمۆکراسی و پرەنسیپەکانی مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیانی ئایینی کە لە کوردستان هەیە، گەشەپێدان و ئاشتی و پێشکەوتن و پێگەی بەهێزی کوردستان و پارتی و سەرۆک بارزانی وای کردووە کە کۆمەڵگای جیهانی و وڵاتان بڕیار بەدەست و دۆستی کورد بە چاوی رێزەوە لە پێگەی بەهێز و جیۆپۆلیتیکی کوردستان بڕوانن و پشتیوانی و هاوسۆزی لێ بکەن. ئامانجی پارتیش ئاشتی و یەکڕیزی و یەکگرتنەوەی کورد و بەدەستهێنانی زۆرترین پشتیوانییە بۆ کوردستان و ڕەخساندنی دۆخێکی سیاسی و دیپلۆماسییە لە بەرژەوەندی کورد و بۆ هێنانەدی ئاسۆیەکی گەشتر و بنیادنانی کوردستانێکی بەهێزترە بەرەو ئازادی و سەربەخۆیی نیشتیمانی. هەوڵەکانی سەرکردایەتی پارتی دیمۆکراتی کوردستانیش لە ئێستا دا بۆ بەستنی کۆنگرەی ١٤ مینی لە ئایندەیەکی نزیکدا زیاتر پارتی بەرەو نوێبوونەوە و بەهێزبوون دەبات بەرەو داڕشتنی پلان و سیاسەت و ستراتیژییەکی پێشکەوتووتر کە خزمەت بە پرسی کورد لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نیودەوڵەتی دەکات.  

 

*بەرپرسی دێسکی ئەورووپا لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)