Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

76ساڵ خەباتی بەردەوام

سەلام عەبدوڵڵا

ئەمڕۆ (76) ساڵ بە سەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا تێدەپەڕێت و بەمەش دەبێتە بەتەمەنترین حزبی سیاسیی کوردی لە مێژووی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان.

کاتێک حزبێک زەرورەتێکی مێژوویی دەیخوڵقێنێت و پێویستیی بوونی بۆ فەراهەم دەبێت، بە زوویی لە دڵ و دەروونی نیشتمانپەروەراندا جێی خۆی دەکاتەوە و بە ئاسانی بە نێو کۆمەڵدا رۆدەچێت و پێشوازی لێ دەکرێت و خەباتگێڕانی لە دەور کۆ دەبێتەوە و زوو متمانەی جەماوەر پەیدا دەکات و چارەنووسی خۆی دەداتە دەستی و کەسایەتییەکی شیاو و لێهاتوو دەکاتە پێشەنگی.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە 16ی ئابی 1946 لەسەر دەستی خەباتگێڕێکی خاوەن ئەزموونی سەربازی و نیشتمانپەروەری وەک بارزانیی نەمر و بە هاوکاری کۆمەڵێک کەسایەتیی ناسراو  و دڵسۆز دامەزرێندرا و لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ بە بەردەوامی لە دۆخی زۆر سەخت و نالەباریشدا بەردەوام لە خەبات و تێکۆشاندا بووە، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلەکەی کە لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، کە بەبێ خواستی کورد پێکەوە لکێندرا، بە پاساوی بێ جێ زەوت و نکۆڵی لە مافەکانی دەکرێ.

پارتی هەر لە سەرەتاوە لەو راستییە گەیشت کە خەباتی گەلی ئێمە خەباتێکی چینایەتی نییە و نیشتمانییە، بۆیە لە ئاشتی و لە شەڕدا جەماوەری لە خۆی کۆدەکردەوە و رابەرایەتی دەکردن و داکۆکی لە داخوازییەکانی گەلەکەمانی تا مۆڵەت بووبێ بە مێتۆدی ئاشتییانە و نەشبووبێت، بە شەڕ کردووە.

حزبی رەسەن و مێژوویی، ئەو حزبانەن بە نوچدان و نەکسەیەک ورە بەرنادەن و هەڵناوەشێن و هەر دەمێنن و لە خەبات و تێکۆشانیش، بەپێی بارودۆخ بەردەوام دەبن و هەر ئەوەش بوو کە دوای نەکسەی 1975 کە لە ئەنجامی پیلانێکی نێودەوڵەتی شۆڕش تووشی پاشەکشە بوو بۆ ماوەیەک، بەڵام هەر زوو سەری هەڵدایەوە و بەردەوام بوو، کە بە لای دوژمنانەوە کاری نەکردە بوو.

ئەگەرچی پارتی لە ژیانی پڕ لە خەبات و تێکۆشانیدا دەیان هەوراز و نشێوی دیوە، بەڵام هەمیشە و لە بەر ئەوەی هەڵقوڵاوی ئامانج و داخوازی و مافی گەلەکەیەتی بۆیە هەمیشە سەربەرزانە لێی دەرچووە.

ئەو راستییەش بە نوێ بوونەوەی شۆڕشی گوڵان بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو سەلماندی و پیلانی دوژمنانی هەر زوو لە گۆڕ نا و جڵەوی خەباتی سەربەرزانەی گرتەوە دەست.

لە دوای راپەڕینیشەوە، لە ئاشتی و ئارامیدا، سەلماندی کە جێی متمانەی گەلەکەیەتی، هەربۆیەش هەمیشە لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەی دەنگی جەماوەری بەدەست هێناوە، ئەمە نەک تەنیا لە سەر ئاستی هەرێم بەڵکوو لە سەرانسەری عێراقیشدا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە.

لە سەر ئاستی جیهانیش، پارتی بە سیاسەتی میانەڕەو و عەقڵانی توانیویەتی متمانەی دراوسێکان و وڵاتانی دەرەوەش بەدەست بهێنێ کە ئەویش هەر سەلمێنەری سیاسەتی دروست و نیشتمانییە، بۆیە جێی بایەخی هەموو لایەک و هەمیشە وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی و داکۆکیکاری سەرڕاستی گەلەکەی حسابی بۆ دەکرێ و بۆ چارەسەری گرفتەکان پەنای بۆ دەبرێت.

ئەمڕۆ پارتیمان، وەک پارتێکی دیموکراتی نەتەوەیی و میانەڕەو بۆتە بەرەیەک بۆ هەموو نیشتمانپەروەر و تێکۆشەر و خەباتگێڕێک کە لە یەک سەنگەردا، داکۆکی لە مافی رەوای گەلەکەمان بکەن و دیوارێکی پۆڵایین بن بەرانبەر ناحەز و دوژمنان تا دەگەینە تەواوی ئامانجە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانی گەلەکەمان.

بەرز و پیرۆز بێت یادی 76 ساڵەی پارتیمان.