Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مانەوە لە پێشەنگی

د. ڤیان سلێمان

شانزەی ئاب ساڵیادی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژێکی تایبەت و بۆنەیەکی گرنگە بۆ هەموو پارتییەک، ئەم بۆنەیە لە خۆم و هەموو پارتییەکان و ئازادیخوازانی کوردستان پیرۆز دەکەم.

لە ئێستادا کاروانی خەباتی پارتی حەفتا و شەش ساڵ تێ دەپەڕێنێت، دوای ئەو مێژووە دوورودرێژە و وێڕای هەموو ئاستەنگی و پیلانگێڕییەکان؛ پارتی بەردەوامە لە پێشەنگی و هەر لە لووتکەدایە، پێشەنگی و لە لووتکەدا مانەوەش هۆکاری خۆی هەیە. بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بە چەندین قۆناخدا تێپەڕیوە، هەریەک لەم قۆناخانە خەسڵەتی تایبەت بە خۆی هەبووە کە پەیوەست بووە بە قۆناخەکە و ئەجێندای دەرەکی و ناوەکی.

بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەییمان لە سەرەتاوە ناوچەگەری و عەشایەری ڕەنگدانەوەی قووڵی بەسەردا هەبووە، بەڵام لەگەڵ ڕاگەیاندنی پارتی و دامەزراندنیدا جۆرێک لە گۆڕانکاری هاتە کایەوە، پارتی توانی خواستەکانی گەلی کوردستان لە حیزبێکی دیموکراتخوازی نیشتمانیدا کۆ بکاتەوە و ببێت بە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم توێژ و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.

پارتی نە لە کاردانەوەی هەبوونی حیزبێکی تری ڕکابەر دروست بووە، نە بۆ دژایەتیکردنی هێزێکی دیکە، بەڵکوو زەروورەت پارتی دروست کرد، دامەزرێنەر و هۆکار و زەمینە و پاشخان و ئامانجی دامەزراندنی پارتی لە هەموو حیزبەکانی دیکە جیاوازترە، کرۆکی بابەتەکەش ئەوەیە؛ پارتی لەلایەن ڕابەری ئەفسانەیی و کارێزمای مێژوویی (بارزانی نەمر) دامەزراوە و هەڵقوڵاوی ڕێبازی بارزانییە، ئەو ڕێبازەش فەلسەفەیەکە، نەک بۆ لایەنێکی ژیان بەڵکوو بۆ سەرجەمی بوارەکانی ژیان، هەر لە ئاراستە سیاسییەکەی بۆ ڕزگاری نیشتمانی و بنەما کۆمەڵایەتییەکانی بۆ دادپەروەری و یەکسانی و پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان، واتە بنەمای فیکری دامەزراندنی پارتی ئایدیا و تیۆریی و پرۆژەیەکی هاوردە نییە، ئەگەرچی پارتی ئێستا و لە ڕابردووش سوودی لە ئایدیا مرۆڤایەتی و تیۆرییە سیاسییەکان وەرگرتووە، بەڵام بناغەی فیکری دامەزراندنی پارتی لە فیکری بارزانی نەمر و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی سەرچاوەی گرتووە.

پارتی حیزبێکی نیشتمانییە و هەڵقوڵاوی پرسی ڕەوای کوردستان و ئامانجەکانی ڕەنگدانەوەی خواست و ئاواتی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی گەلی کوردستانە، پارتی پرۆژەیەکی نیشتمانی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنییە و پابەندی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو نییە، جگە لە بیری دژە نەتەوەیی و بیروڕای توندڕەوی دەرگای بەڕووی هەموو ئایدیۆلۆژیایەک کراوەیە؛ لەڕووی ئازادی و مافی مرۆڤ و مافی ئافرەت پارتی لە پێشەوەی هەموو حیزبەکانی دیکەیە، پارتی یەکەم پارتی سیاسی بوو ئافرەت لە ڕیزەکانیدا گەیشتە سەرکردایەتی حیزب و یەکەم پارتی سیاسی بوو ڕێکخراوی ئافرەتانی دامەزراند، یەکەم پارتی سیاسی بوو ئافرەتی وەک چالاک و هەڵسوڕێنەری سیاسی پەروەردە کرد و لەو پێناوەشدا دوژمن لە سێدارەی دا، بەو پێیەش شانازی شەهیدکردنی یەکەم ئافرەت لەسەر بیروڕای سیاسی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرەوە بەر پارتی و گەلی کوردستان کەوت.

سەرۆکی ئەم پارتە یەکەم سەرکردە بوو داوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی شۆڕشگێڕی و پەیڕەوکردنی دیموکراسی و هەڵبژاردنی کرد، مافە دەستوورییەکان و قەوارەی هەرێم و هەر خودی مانەوەی ئەم قەوارەیەش؛ بەرهەمی هەڵوێستی نیشتمانی و پێداگری و سازشنەکردنی پارتییە، هەر بۆیە دەبینین سەرەڕای پیلانگێڕی و ئاستەنگی جۆراوجۆری دوژمن و نەیارانی پرسی ڕەوای گەلی کوردستان، پارتی پارێزگاری لە بوون و پێگە و ناسنامەی خۆی کردووە و پێشەنگی حیزبە کوردستانییەکانە.

بە وردبوونەوەش لە هەلومەرجی ئێستای هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی گۆڕەپانی کوردستان، بارودۆخی ئۆرگانی و دیسپلینی حیزبایەتی، پێگەی جەماوەری و نێودەوڵەتی، دەگەینە ئەو بڕوایەی کە نەک هەر ئێستا و بۆ داهاتووی نزیک، بەڵکوو بۆ دوور مەوداش نەوەک هیچ حیزبێکی دیکە ناگاتە ئاستی پارتی، بەڵکوو بە هەموو حیزبەکانی دیکە هێندەی پارتی پێگەی جەماوەرییان بەهێز نییە؛ دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت.

کاتێک پرۆژەیەک بۆ چارەنووسی گەلێک بێت، دەبێت کەسێک سەرکردایەتی بکات و زادەی بیر و ئەندێشەی ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی و دیدگای ئەو کەسە بێت بۆ گەلەکەی. پارتی سیاسی لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، بەتایبەت ئەو پارتەی لە قۆناخی بەدیهاتنی خواستی نەتەوەیی و ڕزگاری نیشتمان بێت؛ پێویستی بە ڕابەرایەتییەکی کارێزما هەیە بۆ برەودان بە خەبات و مانەوە لە پێشەنگیدا، چونکە سەرکردایەتیکردن لە کاتێکدا هۆکارە بۆ سەرکەوتن و بەردەوامی لە هەمان کاتیشدا هۆکاری شکست و کۆتایی هاتنی نەک تەنیا پارتەکە بەڵکوو کۆی پرۆسەکەشە.

مانەوەی پارتی لە پێشەنگیدا و بەهێزبوونی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، ڕەنگە پرسیاری یار و نەیار بێت، وێڕای ئەو تایبەتمەندییانەی کە باسم کرد، گرنگترین و بەهێزترین خاڵی مانەوەی پارتی لە پێشەنگیدا بوونی کارێزمایەکە کە سەرۆکایەتی پارتی دەکات، سەرۆک بارزانی ئەو کارێزمایەی هۆکاری پابەندی هەموو پارتییەکانە بە بیر و ڕوانگەی نیشتمانانەی پارتی و هەتا سەر مانەوە لەم ڕێبازەدا. بە شێوەیەک بە دەگمەنیش نابینیت پارتییەک دەستبەرداری ڕێبازەکەی سەرۆک بارزانی بێت.

بڕیاری حەکیمانەی سەرۆک بارزانی و زەمینەسازی بۆ جێبەجێکردنی و پێداگیری لەسەری و بوێری لە بەرەنگاربوونەوەی بەربەستەکان و سازشنەکردن لەسەری و وەفاداری بەرامبەر متمانەی جەماوەر خەسڵەتی سەرۆک بارزانییە، ئەم تایبەتمەندیانە نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکوو ڕەنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا تەنیا تایبەتمەندی سەرۆک بارزانی، بێت، هەر بۆیە بوونی سەرۆک بارزانی بنەما و هۆکاری سەرەکی مانەوەی پارتییە لە پێشەنگیدا، کە هەر ئەوەش هۆکاری مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پرسی ڕەوای گەلی کوردستانە.

جارێکی دیکە ئەم یادە مەزنە پیرۆز بێت، ڕێی کاروانی خەباتی حەفتا و شەش ساڵەی پارتی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکان، ڕزگاری نیشتمانی و دیموکراسی، گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ژیانێکی شایستە بۆ هەموو کوردستانیان ڕووناک و کراوە بێت.