موسڵ-KDP.info- ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی پارێزگای موسڵی کرد و بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵی دانا، جێگری پارێزگاری موسڵیش دەڵێت، ئەوەی زیانی بەرکەوتووە زیاتر ناوچە کوردستانیەکانە، بەڵام بوودجەیان وەکو پێویست بۆ تەرخان نەکردووە و پێویستە ئاوەدان بکرێنەوە و تەنھا ھەندێک پڕۆژەی بچووکی لێ ئەنجامدراوە، بۆیە پێویستە تەرخانکردنی بوودجە لەسەر بنەمای زیانەکان بێت نەک دانیشتووان.
رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری موسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی موسڵی کردو بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵی دانا و بڕیارە چەندین پڕۆژەی دیکەی گەورە لە موسڵ ئەنجامبدرێن لەسەر بوودجەی سرکراو و بوودجەی فریاکەوتن، وەکو دروستکردنی ھەندێک پرد و دروستکردنی رێگایەکی بازنەیی و ئاوەدانکردنەوەی موسڵی کۆن و کە چەندین پڕۆژەی تر ئەنجام دەدرێن".
رەفعەت سمۆ گوتیشی: "ناوچە کوردستانیەکان زیانی زیاتری بەرکەوتووە و پێویستە پڕۆژەی زیاتری لێ ئەنجامبدرێت، بەڵام لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووان نەک زیانەکان و بوودجە بۆ ناوچەکان تەرخان دەکرێت، ئەمەش وای کردووە پڕۆژەی کەم ئەنجامبدرێت، کە پێویستی بە بوودجەیەکی گەورە ھەیە بەتایبەت بۆ شنگال کە وێران بووە و تەنھا چەند پڕۆژەیەکی کەمی لێ ئەنجامدراوە، بۆیە پێویستە نوێنەرانی کورد لەو پارێزگایە رۆڵی خۆیان ببینن و کار بکەن پڕۆژە بۆ ناوچە کوردستانیەکان ئەنجامبدرێن".
بڵند ئیبراھیم