Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھێڤیدار بۆ KDP: چەند بژاردەمان ئامادەکردووە.. میوانداری وەزیری دارایی دەکەین

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکین بۆ ئەوەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێبکاتەوە، بەجۆرێک کە فەرمانبەران پلەیان بەرزبێتەوە و ھەمیش نەبێتە بارگرانی بۆ سەر حکوومەت، بۆ ئەو مەبەستە وەزیری دارایی میوانداری پەرلەمان دەکەین و ڕوونکردنەوە بدات، چونکە نیوەی مووچە خۆران پلەیان بەرزبۆتەوە، کە لە سلکی سەربازین.

ھێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە لیژنەی دارایی لیژنەیەکی لاوەکی دروست کراوە، کە من سەرۆکی لیژنەکەم و خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکین کە ھێشتا تەواو نەبووە و لە گفتووگۆ داین کە تەواوبوو ڕەوانەی دەکەین بۆ حکوومەت و داتامان وەرگرتووە، کە چەند پلەیان بەرزکراوەتەوە و چەندیش ماون و چۆن پلەیان بەرزبکرێتەوە ئەوانەی ماون، بۆیە دەمانەوێت پلەی فەرمانبەران بەرزبکرێتەوە و باری حکوومەتیش گران نەبێت، کە حکوومەت چۆن دەست بە پلە بەرزکردنەوە بکات، بۆ ئەو مەبەستە میوانداری وەزیری داراییش دەکەین بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە بدات".

ھێڤیدار ئەحمەد گوتیشی: "ئێمە چەند بژاردەیەکمان ئامادەکردووە کە حکوومەت بتوانێت پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە، چونکە ئەوانەی سلکی سەربازین وەکو پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و ئەوانەی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەن پلەیان بەرزدەکرێتەوە، بەڵام ئەوانەی فەرمانبەری شارستانین ماون، ئەگەر نا نیوەی مووچەخۆران کە لە سلکی سەربازین پلەیان بەرزکراوەتەوە و ئەوانە ماون کە فەرمانبەری شارستانین، بۆیە چەند بژاردەمان ئامادەکردووە پلەی ئەوانیش بەرز بکرێتەوە، چونکە ناکرێت ئەوانەی ماون پلەیان بەرز نەکرێتەوە".

 

بڵند ئیبراھیم