Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دژوار فایەق: ڕەوشی ئێستای عێراق کاریگەریی لەسەر ناوچە کوردستانییەکان دەبێت

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەنیاز بوو لەگەڵ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ھەنگاو بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان بنێت و دەشڵێت: ''ئاڵۆزییەکانی ئێستای عێراق کاریگەرییان لەسەر ڕەوشی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستوور ھەیە''.

دژوار فایەق، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەوشی ئێستای عێراق و خۆپێشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو کاریگەری و زیانی بۆ ھەموو عێراق ھەیە، بەتایبەتی کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە، چونکە حکوومەتی ھەرێم بەنیاز بوو لەگەڵ پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینە لە عێراق دەست بە دانوستان بکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانەی دەکەونە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق''.

ڕاوێژکارەکەی حکوومەت بۆ کاروباری ماددەی ١٤٠  دەشڵێت: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی ھەبوو لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی لە سیادە دوای پێکھێنانی حکوومەتی نوێ کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن، بەتایبەتی ھەنگاونان بۆ ئاساییکردنەوە و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور''.

دژوار فایەق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "تا دێت ڕەوشی عێراق بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت، پێم وایە عێراق پێویستی بە جێبەجێکردنی سیستەمێکی فیدڕاڵیی ڕاستەقینە ھەیە بەپێی دەستوور، چونکە دوور نییە شەڕێکی ناوخۆ لە عێراق بەرپا بێت، ئەوکات نەک زیان بە عێراق دەگات، بەڵکوو کورد و ناوچە کوردستانییەکان تووشی زیان دەبن، لەبەر ئەوە پێویستە کورد لەم قۆناغەدا یەکگرتوو بێت و پشتگیری حکوومەتی ھەرێم بکرێت و سوود لە ئەزموونی سەرۆک بارزانی ببینن بۆ دەربازبوون لە قۆناغی ئێستای عێراق''.

 

قائید میرۆ