Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری ناوخۆ: سەرۆکی حکوومەت بەردەوام پشتیوانی بنکەی لالش دەبێت

دهۆك-KDP.info- ئەمڕۆ بنکەی ڕۆشنبیریی لالش بە ئامادەبوونی د. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارەکانی کۆنگرەی 14ی خۆی دەست پێ کرد.

د. ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا ڕایگەیاند: ''جێی خۆشحاڵییە کە ئەمڕۆ لەم کۆنگرەیەدا ئامادەین و سڵاوی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگەیەنمە ئێوەی هێژا، دیارە بنکەی ڕۆشنبیریی لالش لە ساڵی 1993 بە پشتیوانیی سەرۆک بارزانی دامەزرا بۆ کۆکردنەوە و بەدیکیۆمێنتکردنی قەول و بەیت و ڕێوڕەسمە پیرۆزەکانی ئایینی ئێزدی''.

نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، بنکەی لالش سەنگەرێکی بەهێزبوونە بۆ هەبوونی کۆمەڵگەی ئێزدی لە بەرانبەر ئەو هێرشە شۆڤێنییانەدا کە پێشتر دژی ئێزدییەکان کراون و گوتیشی: بنکەی لالش لە ماوەی ڕابردوودا توانیویەتی لەڕێی هەڵبژاردن و بە شێوەی دیموکراسی درێژە بە کارەکانی دەستەی بەڕێوەبەری بنکەکە بدات و توانیویشیەتی ژمارەیەکی زۆر دیبەیت و سیمینار بە شێوەی ئەکادیمی بەڕێوە ببات و پێکەوەژیان لە کوردستان بەهێزتر بکات و بووەتە خاوەنی گۆڤارێک و دەزگای ڕاگەیاندن''.

باسی لەوەش کرد کە بنکەی لالش بەکردەوە دروشمی خۆی دیاری و جێبەجێ کردووە و بووەتە کانییەکی زەلال و پێکەوەژیانی پاراستووە لە نێوان ئایینەکانی هەرێمی کوردستاندا و خاوەنی ئامانجێکی سەرەکییە و لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گرنگییەکەی تایبەت بەم بنکەیە دەدرێت.

د. ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د ڕایشیگەیاند: دوای ئەوەی کۆمەڵگەی ئێزدی تووشی کۆمەڵکوژیی 2014 بوون، پێویستیان بە بنکەی لالش هەیە بۆ پاراستنی ڕۆشنبیری و دابونەریتی کۆنی ئێزدیایەتی کە هەردەم بەشێکی مەزنە لە ڕەسانەیەتیی هەرێمی کوردستان و هەردەم بە خوێنی شەهیدان و قارەمانیەتیی پێشمەرگە بەرگری لە پێکهاتەی ئێزدی کراوە و بەردەوام بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ دەڤەرە ئێزدییەکان کار کراوە و پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ کراون.

گوتیشی: جێی داخە کە تاکوو ئێستا ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە، بەڵام هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال بەردەوامن تاکوو ئێزدییەکان جارێکی دیکە بە خاکی خۆیان شاد ببنەوە و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان منی ڕاسپاردووە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پشتیوانی بنکەی لالش دەبێت.

 

ڕامان وریا