Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی زانکۆ بۆ KDP: دەمانەوێت جیاوازی لەنێوان قوتابی ھەژار و دەوڵەمەند نەمێنێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین رایگەیاند، بڕیارە بۆ ئەمساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆی سەلاحەدین لە ھەموو کۆلێژەکان جل و بەرگی قوتابی یەکپۆشی بێت، بۆ ئەو مەبەستەش راپرسیەکمان دەستپێکردووە و زۆرینەی قوتابی لەگەڵ یەکپۆشی جل و بەرگی قوتابی زانکۆن، بۆئەوەیە جیاوازی و چینایەتی لەنێوان قوتابیان نەکرێت.

دکتۆر کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دەستمان بە راپرسیەک کردووە بۆ یەکپۆشی لە زانکۆی سەلاحەدین و دوو ڕەنگی جل و بەرگمان دیاری کردووە ڕەساسی و سپی و ڕەش و سپی، مەرجیش نیە ھەموو زانکۆی سەلاحەدین یەک ڕەنگ بێت و دەکرێت ھەر کۆلێژێک ڕەنگێک بێت، گرنگ یەکپۆشی بێت و دوێنێ تەنھا لەماوەی چەند کاتژمێرێک نزیکەی شەش ھەزار قوتابی بەشداری تێدا کردووە و زۆرینەی لەگەڵ یەکپۆشی جل و بەرگی زانکۆن و زانکۆکانی دیکەش سوودیان لە ئێمە وەرگرت وەکو زانکۆی سلێمانی و باسیان لەوەکرد کە بەنیازن ئەو کارە بکەن".

دکتۆر کامەران یونس گوتیشی: "ئەوەی قوتابی داوای دەکات ٩٥%ی یەکپۆشی بێت لە زانکۆ و مەبەستیشمانە کە نەھێشتنی جینایەتی لە نێوان قوتابیانە، چونکە قوتابی ھەیە سێ مانگ بەجل و بەرگێکە و ھەشە رۆژانە جۆرێکی جل و بەرگ لەبەردەکات، بۆیە دەمانەوێت ئەو جیاوازیە نەمێنێت لە نێوان قوتابی دەوڵەمەند و ھەژار، جگە لەوەش بۆ ئەوەی قوتابی لەجیاتی گرنگیدان بە جل و بەرگ گرنگی بە خوێندنی خۆی بدات، بۆیە دامانناوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئەگەر بڕیاری کۆتایی درا جل و بەرگ لە زانکۆی سەلاحەدین یەکپۆشی بێت".

 

بڵند ئیبراھیم