Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

له‌ KPDیه‌وه‌ بزانه‌ ئه‌و بەنزینخانە بەیەکجاری دادەخرێن

ھەولێر-KPD.info- بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر گوتی، بەھۆی ئەوەی بەنزینخانەکان بەشێکیان پابەند نابن بە فرۆشتنی بەنزینی کوالێت باش و چەند جاریش سزامان داون، بۆیە دەمانەوێت بەنزینخانەکان بانگھێشت بکەین و ئاگاداریان بکەینەوە ئەوەی ئەمجارە پابەند نەبێت بەنزینخانەکەی دادەخرێت، بۆ ئەو مەبەستە قایمقامیەتی ھەولێریشمان ئاگادارکردۆتەوە.

ئاری کاکەشین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەھۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری بەنزینخانە لە ھەولێر بەنزینی خراپ بەنرخێکی ھەرزان دەفرۆشن کە ئۆکتانی لە خوار ٨٩ دەبێت کە نابێت لەوە کەمتر بێت، ئێمە لیژنەکانمان بەردەوام سەردانیان دەکەین و ئەوەی سەرپێچی بکات بەپێی جۆری سەرپێچیەکە سزای دەدەین کە تا ملیۆنێک و ھەشت سەد هه‌زار دینار سزای ماددی و سێ رۆژ داخستنی بەنزینخانەکە دەبێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا بەشێکی زۆری بەنزینخانەکان پابەند نین سەرەڕای ئەوەی سزاش دەدرێن، چونکە وەکو خۆیان باسی لێوەدەکەن کە بەنزین ھەرزان دەفرۆشن زیاتر سەرف دەبێت و ئەگەر بە ھەزار و ٢٠٠ دینار بێت کەمتر دەفرۆشن بۆیە ئەو رێگایە دەگرنەبەر".

کاکەشین گوتیشی: "بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە بەشێوەی یەکجارەکی دەمانەوێت بەنزیخانەکان بانگھێشت بکرێن و ئاگاداریان بکەینەوە لەمەودوا تەنھا سزادان و داخستنی سێ رۆژ نابێت ئەگەر سەرپێچی بکەن و بەنزینی خراپ بفرۆشن بەڵکو بەیەکجاری دادەخرێن، بۆ ئەو مەبەستە قایمقامیەتی ھەولێریشمان ئاگادار کردۆتەوە، چونکە بەنزینی خراپ ھەم زیان بە ئۆتۆمبێل دەگەیەنێت و ھەمیش بەژینگە، بۆیە ناکرێت بەردەوام بن لە فرۆشتنی بەنزینی خراپ".

 

بڵند ئیبراھیم