Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خۆشحال نیم بەو دۆخەی بەغدا

هۆشیار سیوەیلی

من نیگەرانم بـــەوەی لە بەغدا دەگوزەرێت، بە تایبەتیش گەر ململانێکان بەرەو شەڕ و یەکدی کوشتن مل بنێن. ڕەنگە ڕای وا هەبێت کە لای وابێت ناسـەقامگیریی لە بەغدا لە بەرژەوەندی هەولێرە، چونکە لەبەر کێشـــەی خۆیان ســـەر ئێمەیان ناپەرژێت. ئەمە بۆچوونێکی چەوتە چونکە شەڕ و ئاژاوە، ماڵوێرانی و کوشتنی لێ دەکەوێتەوە کە ئەمە جگە لەوەی کارێکی خراپە، هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ شـــوێنی تر تەشەنە نەکات و ڕەنگە تەڕ و وشـــکیش پێکەوە بسووتێنێت و زەمینەیەکی لەباریش بۆ گەشەکردن و سەهەڵدانەوەی داعش و رادیکالیزم بڕەخسێنێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی شەڕ و ئاژاوە لە بەغدا بۆشـــایی ئەمنی و سیاســـی دروست دەکات و لە دۆخی ئەمـــڕۆی عێراقدا لایەنی تری نێودەوڵەتی ئەو بۆشـــاییە پڕ دەکەنەوە کە بەرژەوەندییان لەگەڵ بەرژەوەندیی ئێمەدا یەک ناگرنەوە. بۆیە ئەو ڕایەی لای وایە ئاژاوە و ناسەقامگیری لە عێراقدا لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە دروســـت نییە و نابێ ماڵی خۆمان بە کەلاوەیەکی دراوســـێمان بەراورد بکەین و بنمیچی پێشکەوتنمان نابێت دۆخی شپرزەی عێراق بێت و بڵێین مادام دۆخی ئێمە لەوان باشترە کەواتە ئێمە لە دۆخێکی باشداین. هەڵوێســـتی هەرێمی کوردســـتان کە ســـەرۆک بارزانی لە یادی ئەنفالی بارزانییەکان و بە خاکســـپاردنی کۆمەڵێکی تـــری ئەنفالکراوان لە بارزان دەریبڕی و بانگهێشتی سەرۆکی هەرێم بۆ لایەنە عێراقیەکان تا لە هەولێر کۆ ببنەوە، هەڵوێستی دروستن.

ڕەنگە ڕۆڵی هەرێم لە رێکخســـتنەوەی نێوماڵی شیعە و سەرپێخستنەوەی پرۆســـەی سیاســـی زۆر بەهیز نەبێت، بەڵام هەرگیز نابێت وەک چاودێر ســـەیری ڕووداوەکان بکەین چونکە قۆناخی دوای ئەم کێشـــە و راپەرینە جیاواز دەبێت لەوەی پێشتر و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کوردستان دەبێت. بۆ نموونە ئەوان باسی هەموارکردنەوەی دەستوور ناکەن کە رێکاری دەستووریی خۆی هەیە، بەڵکو باسی دانانی دەستوورێکی نوێ و گوڕینی سیستەمی سیاسی و نەهێشتنی پلورەلیزمی سیاسی دەکەن. بە تایبەتی گۆڕینی حوکمرانی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی. بۆیـــە گرنگە کوردســـتان رۆڵـــی نزیککردنـــەوەی لایەنـــەکان بگێڕێت و هەمیشـــەش چاوی لەســـەر بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بێت و هەر لە ئێستەوە و بە ئاشکرا دژی هەر نیاز و جووڵەیەک بێت کە بیەوێت مافە دەســـتوورییەکانی هەرێم پێشێل بکات و گەلی کوردستان بۆ دواوە بگیڕێتەوە.