Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەندازیارێک: وەکوو تاقیکردنەوە چاندنی گەنم لە وەرزی هاوین زۆر باشە

دهۆک  -KDP.info- لە سنووری پارێزگای دهۆک جووتیارێک لە 15/5ی ئەمساڵ وەکوو تێست گەنمی چاندووە کە 30 دۆنم گەنم دەبێت لە کاتێکدا کە کاتی دروێنەی گەنمی زستانە و دەیەوێت ساڵانە دوو جار گەنم بچێنێت، ئێستا دەیەوێت تاقیی بکاتەوە، ئەگەر سەر کەوت ساڵانە دوو جار گەنم بچێنێت. ئەندازیارێکی کشتوکاڵیش دەڵێت، تاوەکوو نەگاتە کۆتایی پێگەیشتنی بەرهەمەکە، دیار نابێت کە سەرکەوتن بەدەست دێنێت، یاخود نا، چونکە هەرکاتێکی گەشەکردنی گەنم پێویستی بە جۆرێک لە پلەی گەرما و سەرما هەیە، بەڵام هەنگاوێکی باشە ئەگەر سەرکەوتوو بێت.

ئەندازیار خالس میرانی، ئەندازیاری کشتوکاڵی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمەش گوێبیستی ئەوە بووین کە جووتیارێک گەنمی لە وەرزی هاوین چاندووە وەکوو تاقیکردنەوە، بەڵام لەڕووی زانستییەوە چاندنی گەنم سەرەتا پێویستی بە سەرما هەیە تا شین دەبێت و لە کاتی گەشەکردنیشدا پێویستی بە گەرما هەیە، بۆیە هەرکاتێکی گەشەکردنی پێویستی بە پلەیەکی گەرما هەیە و ئێستا کەشوهەوا گەرمە و ڕەنگە تووشی نەخۆشی بێت''.

ئەندازیار خالس میرانی گوتیشی: ''ئەو کارە ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی زانستی بکرێت بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەمان هەیە لەڕێگەی زانکۆ ئەو کارە بکرێت و ئەوەی کراوە هەروەکوو تاقیکردنەوە کردوویەتی و پێشتریش ئەو کارە کراوە کە ئەو چاندنەش لەڕێگەی ئاودان دەبێت، بۆیە وەکوو تاقیکردنەوە باشە، ئەگەر سەرکەوتن بەدەست بێنێت، ئەوکات دەتواندرێت دوو وەرزە گەنم بچێندرێت.''

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوربەری کشتوکاڵی دهۆکیش بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پرس بە ئێمە نەکراوە کە گەنمی هاوینە لە سنووری دهۆک بچێندرێت، بەڵام لەڕووی زانستییەوە کەشوهەوا گەرمە و پێویستە بەردەوام ئاو بدرێت، چونکە لای ئێمە پلەی گەرمی زۆر بەرزە و پێویستی بە سەرما هەیە و ئاودانی زۆریشی دەوێت، بۆیە چاودێریی دەکەین، بزانین ئەنجامەکان چۆن دەبێت، چونکە تێچوویەکی گەلەک زۆریشی پێویستە، بۆیە ئەگەر سەرکەوتن بەدەست بێنێت، زۆر باشە.''

 

بڵند ئیبراهیم