Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نەجات حەسەن بۆ KDP: کۆنفڕانسە ناوخۆییەکانی پارتی بەڕێوەدەچن

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە کۆنفڕانسەکانی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی ستافی نوێی لق و ناوچە و سەرکردایەتی پارێزگاکان بەڕێوەبچێت و جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری ١٤مین کۆنگرەی پارتیش دەڵێ، دیاریکردنی ستافی نوێی ئۆرگانەکانی پارتی ھەمووی بە سیستەمی ھەڵبژاردن دەبێت.

نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنە دوای گەیشتنی بڕیاری مەکتەبی سیاسی بۆ لیژنەی باڵای ئامادەکاریەکانی کۆنگرەی پارتی و گەیشتنی رێنمایی سەرۆک بارزانی بۆ تاوتوێکردنی لایەنی ھونەری بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکانی لق و ناوچە و سەرکردایەتیەکانی پارتی، پێنج لیژنەی تایبەت پێک ھاتوون لە ھەرپێنج پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و مووسڵ و کەرکووک، لیژنەکان پێداچوونەوەیان بە لیستی ھەموو ئەو سنوورانە کردووە، ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین لە چەند رۆژی داھاتوودا دواین رێنمایی کە پەیوەستە بە ھەڵبژاردن و کارە ھونەریەکان بگاتە دەستمانن تا ئێمەیش وەک لیژنە بتوانین دەست بەکارەکانمان بکەین.

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی پارتی دەڵێت" ھەڵبژاردنی ھەموو نوێنەرانی لق و ناوچە و سەرکردایەتی پارێزگاکان بۆ کۆنگرە ھەمووی بە ھەڵبژاردن دیاری دەکرێن، سیستەمی ھەڵبژاردن بۆ  دیاری کردنی ئەندامانی کۆنگرەی حزب جێبەجێ دەکرێت، مەگەر لەھەندێ شوێن بزانین سەتا سەت نەتوانین بە پرۆسەی ھەڵبژاردن بەڕێوەبەرین رێکاری دیکە دەگرینەبەر.

لەبارەی دیاری کردنی رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی پارتی نەجات حەسەن ئاشکرایکرد" دیاری کردنی رۆژی کۆنگرە پەیوەستە بە کۆتایی ھاتنی کۆنفڕانسە نێوخۆیەکانی حزب، ھەر کاتێک کۆنفڕانسەکان تەواوبوون و مەحزەری کۆتایی درایە سەرۆک بارزانی ئەوکات رۆژی کۆنگرە دیاری دەکرێت چ رۆژێک بەڕێوە دەچێت.

 

قائید میرۆ