Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھەر کەسێک لەو ماوەیەدا مامەڵە پێشکەش نەکات بێبەش دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- بەپێی بەدواداچوونێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی پرۆسەی بەناوکردنی خانووی زێدەڕۆ بەسستی بەڕێوەدەچێت و بەرپرسێکی وەزارەتی شارەوانیش دەڵێ، پێویستە خاوەن خانووەکان سوود لەو دەرفەتە وەربگرن.

سەرتیپ خالید، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوای دەرچوونی یاسای بەناوکردنی خانووی زێدەڕۆ لەلایەن پەرلەمانی کوردستان، حکوومەت رێنمایی بۆ دەرکردووە و لە سەرئاستی یەکە ئیداریەکان لیژنە بۆ وەرگرتنی مامەڵەی ھاووڵاتیان پێکھاتوون و پێویستە ئەو ھاووڵاتیانەی خانووی زێدەڕۆیان ھەیە پەلە بکەن بۆ ئەوەی داواکاری پێشکەش بە یەکەی کارگێڕی سنووری خۆیان بکەن، تا بەپێی یاسای بەرکار خانووەکانیان تاپۆ بکرێت".

ھاوکات پارێزەر نێچیرڤان حەمید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لیژنەی تایبەتمەند ھەن بۆ وەرگرتنی مامەڵەی ھاووڵاتیان و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی سێ سەد ھەزار کەس سوودمەند دەبن لە یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ، بەڵام پرۆسەکە وەک پێویست نیە و لیژنەکان ھۆشداریان داوەتە ھاووڵاتیان تا بەرواری ٩ی مانگی ئەیلوولی داھاتوو فۆرمی تاپۆکردنی خانووەکانیان پڕ بکرێنەوە و رادەستی حکوومەت بکرێن، دوای ئەو بەروارە مافیان نامێنێ ".

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی ھەولێر دەڵێت: "کاتی وەرگرتنی مامەڵەی ھاووڵاتیان دیاریکراوە و ھەر کەسێک لەو ماوەیەدا مامەڵە پێشکەش نەکات دواتر بێبەش دەکرێت لە پرۆسەی تاپۆکردن، ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوانەی خۆیان زێدەڕۆیان ھەیە و سوودمەند دەبن لە یاساکە ".

لەبارەی رێژەی سەردانی ھاووڵاتیان، سەرتیپ خالید روونیکردەووە: "بەداخەوە رێژەی سەردانی ھاووڵاتیان تا ئێستا وەک پێویست نیە، ئێمەش ھۆکارەکەی نازانین لەھەموو سنوورێکیش پرۆسەکە وەک یەک بەڕێوەدەچێت دوا کات بۆ وەرگرتنی مامەڵەی ھاووڵاتیان سەرەتای مانگی ئەیلوولی داھاتووە".

 

قائید میرۆ