Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەولێر لە بن زاری ئەنقەرەو تاران تێ دەگات بەغداش هەرفێرە نەزیرۆکان بخوێنێ ..

د.محمد خدرمولود

لە کاتێکدا بەغدا رۆژانێکی پڕ لە کەشوهەوای سیاسی بارگاوی بە گرژی و تووندوتیژی بەرێدەکرد و لە ئەنجامی زنجیرە تۆمارییە دەنگییەکەی نوری مالکی دا کێرڤی سیاسیی لایەنە عێراقییەکانی شیعە مەزهەب لە بەرامبەر یەکتری دا لە هەڵبەز و دابەز و ڕووبەڕووبوونەوە دابوو، و لەولاوەش گرفتە درێژخایەنەکەی (حەکایەتی مێش)ێ پێکهێنانی حکومەتی عێراق و بە بنبەست گەیشتنی پرۆسەی سیاسی لە بەغدا مژاری گەرمی رۆژەڤی میدیاکان بوو، تۆپبارانکردنی رۆژی چوارشەممە 20-7-2022ی ناوچەی گەشتیاری پەرەخێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە لایەن سۆپای  تورکیا وەرەقەی یاریی سەرمێزەی عێراقی تێکەڵ و پێکەڵ کرد و زومی کامیرای میدیاکان و چاوی چاودێرانی سیاسیی و نێوەندەکانی لە بەغداوە گواستەوە سەر سەیرانگای پەرەخێ لە زاخۆ و کوردستان و بەغدای نێو ئان و ساتی قلیشانەوەو تەقینەوەی شەقامی لایەنە ناکۆک و دژەکانی هێورکرد..!

بۆردومانی پەرەخێ هەر چییەک بسەلمێنێ سەرەتا ئەو راستییە دەسەلمێنێ ئەنقەرە و تاران دوو دیوی یەک دراون و هەر یەکە تای هاوکێشەی لێدانن بۆ بێ هێزکردنی پێگەی ئابووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان.

ئاخر هێشتا کۆبونەوەی سێقۆڵی لوتکەی (رووسیا و ئێران و تورکیا)، 24 کاژێری بەسەردا تێنەپەڕیبوو، بە تایبەتیش ئامۆژگاریەکەی خامەنەئی بۆ تورکەکان و ئەردۆگان لەبارەی هێرش نەکردنە سەر سوریا و ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان وا ناوچەیەکی گەشتیاری شاری زاخۆی ستراتیژی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆردومان دەکرێ و ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیل و گەشتیاری عەرەبی عێراق دەبنە قوربانی و شەهید و بریندار دەبن.

ئەم بوردومانەی رۆژی چوارشەمەکە جاری سێیەمە لەو ماوەیەدا روویدا، لەم ساتەوەختەدا ڕەهەندەکانی کۆبوونەوەی لوتکەی تاران دێننەوە نێو بیر و هزرمان، کە دوای کۆبوونەوەی جدە، کۆبونەوەی لوتکە (6+3) هات، هەروا بوردمانکردنەکانی ئێران بۆ سەر کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان و هێرشی دڕۆنەکان بۆ سەر فرۆکەخانەی هەولێریش دێنێتەوە بیروهزرمان و لە هەموو بۆردومانەکانیشدا جا چ ئێرانی یا تورکی دا هەڵوێستیی زارەکی بەغدا بۆ چاوی کامێرا و مایکە رەنگاورەنگەکانی میدیاکانمان لەبەرچاو و لە بیرە کە چۆن چۆنی (صحافانە- محمد سعید صحاف) ئاسا دێنە گۆ..!

وەڵێ ئەم جارە وێرای لێدان لە کەرتی وزە و فرۆکەخانەی هەولێر، وێرای لێدان لە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵ لە لایەن هەردوو درواسێ ئێران و تورکیاوە، عێراق لە ناخەوە بەختەوەرەو کەتۆتە هەلەکە سەمای خۆشی ..  چونکە وا ئارەزوو و ئاواتی دێرینی ئەوانەی گەر بە دەستی خۆشی بە ئەنجام نەگەیشتبن وا بە دڵی ئەون و وا دێنە دی و ئیتر بەغدا ئەو گۆیەی کەتۆتە بە قاشۆیی و دەیەوێ گورزی ئابووری و سیاسی خۆی ڕاوەشێنێتە هەولێر. 

هەر دوای رووداوەکە  لێدوانی هەندێ لە بەرپرسانی عێراق ئەو ئاماژەو مانا ترسناکەیان لە نێو دێڕەکانیدا حەشار دراوە جا چ بۆ مەبەستی داخستنی سنوور و فرۆکەخانەکان بێ بە ڕووی تورکیاوە، یا بۆ پێشاندانی بێ هێزی و بێ دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان..! سەرباری هاتنەوە سەر زاری ئەم دەستەواژانەش (ناوچەکانی باکور و باکوری خۆشەویستمان و هاونیشتیمانیانمان لە باکور..!! شیمالنا الحبیبە..!!) لە لایەن عەرەبە شۆفینییە عێراقییەکان دوای رووداوە وەک فیتەی حەڕام زادەکان، ئاوازە نەشازەکە دێنەوە گوێمان و لە کاتێکدا کوردستانیانی نیشتیمانپەروەر نەک هەر حەز بە بیستنی ناکەن، بەڵکو لەگەڵ بیستنەوەی کەلتوری داپلۆساندن و شۆفینیەتی حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی و رژێمی حوکمرانی دیکتاتۆریەتی سەدامیان دێتەوە بیر.

بۆیە ئێمە بۆ نەزیرۆکەکانی بەغدایێ گریانمان نایێ و دەزانین هەڵایەکە بۆ هەریسەکەیە ئەو فرمێسکەی بۆ حکومەتی کوردستان هەڵیدەرێژن فرمێسکی تیمساحانەیە و لە خۆشەویستی و دلسۆزیان نییە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەزموونە سیاسییە حوکمڕانیەکەی.

لێرەدا پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەو راستییە ئاگادار بکرێنەوە کەوا لە بۆردومانەکەی ناوچەی پەرەخێی شاری زاخۆی ستراتیژی هەرێمی کوردستاندا  هەرسێ وڵات: ئێران، تورکیا و عێراق بەرپرسی سەرەکی بۆردوومان و رووداوەکەن، چونکە گەر ئێران هەر بڕوبیانویەکی هەبێ بۆ بۆردمانکردن و لێدان لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان و هێرشی دڕۆنەکان بۆ سەر هەولێر لە لایەن هێز و لایەنگیرانی خویەوە، ئەوە لە بێ هێزی دەسەڵاتی بەغدا دایە، کە بە رۆژی رووناک و بە شەوی تاریک سنووری زەمینی و ئاسمانی دەبەزێندرێت و سەروەری پێشێل دەکا، هەڵبەتە دیارە پاراستنی سنوور و ئاسمانی وڵات لە دەست بەغدایە نەک هەولێر.

خۆ گەر تورکیاش هەر بڕوبیانوو و هەنجەتێکی هەبێ بۆ بۆردومانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان بە لەشکرکێشی بەردەوام و بە بۆردومانی رۆژی 20-7-2020 یشەوە ئەوە حکومەتی بەغدایە ئەو مافەڕەوایەی بە تورکیا  بەخشیوە تا سنووری هەرێمی کوردستان ببەزێنێ و بۆردومانی بکات. ئەو ماف ڕەوا پێ دیتنە لە لایەن بەغداوە بە ئەنقەرە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی سەدام حسین و سەرەتای ساڵانی هەشتاکانەوە لەساڵی 1983 وە لە ( 5 کم ) بۆ سەردەمی مالکی و پاشان عەبادی لە ساڵی 2017 لە ڕکی هەولێر و ریفڕاندۆمی سەربەخۆی  کوردستان بوو بە ( 30کم تا 40کم).

ئێستا تورکیا لە سایەی سەری دەسەڵاتی بەغداوە، نەک لە سایەی دەسەڵاتی هەولێردا لە جوغز و قوڵایی  30 کم تا 50 کم و زیاتریش بۆ نێو قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆردومان دەکا و دەکوژێ و دەبڕێ و خاکیش سوتماک دەکات. 

هەر تورکەکانیشن چاو لە ئێرانییەکان دەکەنەوە وەک ئەوان ڕەمەکی و شەڵم کوێرم هیچ ناپارێزم لە بۆردومانی سەرسنوور و کوێستان و لەوەرگاکانەوە بۆ بۆردومان و لێدان لە کەرتی وزە و فرۆکەخانەی هەولێر تەشەنەی سەند و بەری لێ نەگیرا و بەغداش هەر خەریکی لیژنە و لیژنەکاری بوو، ئەوا بەغدای بەرێز کازمی و بەغدای پۆست کازمی وەک بەغدای سەردەمی نوری مالکی و پاشان بەغدای سەردەمی عەبادی هەر نەزیرۆکان دەخوێنێ وهەر دێتەوە سەر یاسینی گۆلکێ.

هەولێر 22-7-2022