Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ میرانی پێشوازیی لە كونسوڵى گشتیى به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمى كوردستان کرد

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ له‌ باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ پیرمام، فازڵ میرانى، سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسیی پارتی پێشوازیى له‌ كونسوڵى گشتیى به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمى كوردستان، دیڤید هەنت و شاندى یاوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وێڕاى به‌خێرهێنانى میوانه‌كان لەلایەن سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسییەوە، دواپێشهاته‌كان و دۆخى سیاسى و ئه‌منیی عێراق و هه‌وڵه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆككۆمار و پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و دۆخى هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران.

لە بەردەوامیی کۆبوونەوەکەدا باسی لە کێشە و ناکۆکیی لایەن و هێزەکان کرا لەبەردەم پرسی پێکهێنانی حکوومەتی تازەی عێراق و، فازڵ میرانی هەماهەنگی و هاوکاریی هەموویانی بە گرنگ زانی سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکان و لابردنی کۆست و تەگەرەکان.

سكرتێری مەکتەبی سیاسی جەختی لەوە کرد کە گرنگە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، ڕێزگرتن لە پرەنسیپەکانی هاوبەشی و بەشداریی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و سازان بگیرێت.

دواتر هەردوولا هاوڕابوون لەسەر تێپەڕاندنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و دەرچوونی لە دۆخی چەقبەستوو و پێکهێنانی حکوومەتێک کە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی هاووڵاتییان و تەواوی پێکهاتەکانی عێراق بێت.