Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کابینەی نۆیەم ئایندەی کوردستانێکی بەهێزتری بنیات نا

د. محمد خدرمولود 

سێ ساڵ بەر لە ئەمرۆ، کاتێ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بەکاربوو هەر لە مانگەکانی بەرایی دوای  جاردانی بەرنامەی کاریدا، دەستی بە جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییە گرنگ و ستراتیژییەکانی ئێرە کردو لە بەغداش لەگەڵ حکومەتی عێراق و کابینەکەی عادل عبدولمەهدی دا گەیشتە رێکەوتنێکی مەنتقی مانگانەی پرسی نەوت و بودجەی هەرێمی کوردستان. 

وەڵێ تێکچوونی بارودۆخی سیاسیی و ئارامی و تەناهی بەغداو سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکان و دەست لەکارکێشانەوەی عادل عبدولمەهدی هۆکاربوون بۆ نەچوونە بواری جێبەجێکردنی رێكکەوتنە گرنگەکەی مانگانەی (250 هەزار بەرمیل نەوت بەرامبە 900 ملیۆن دۆلار) ی نێوان هەولێر و بەغدا.

لە ئاستی تەندروستی و خزمەتگوەزارییەکانیدا، کابینەی نۆیەم هەر لە زووەوە  بەرامبەرئاستەنگ و گرفتەکانی بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی پەتای کۆڤید 19- نەخۆشی کۆڕۆنا وەستایەوە کە هاوکات بوو لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت و داتەپینی بازاری سوتەمەنی و بوون بە دیارترینی ئەو قەیرانانەو راستەوخۆ کاریگەریان بەسەر پرۆسەی سیاسی و سێکتەرەکانی تەندروستی و ئابووری تەواوی وڵاتانی دونیادا دانا.  

لە ناوخۆی وڵاتدا کابینەی نۆیەم لەبەردەم ئاستەنگەکان شارەزا و کارامە وەستایەوە چ لە بەرامبەر تێکچوونی بارودۆخی سیاسیی و نەمانی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی لە بەغدا دا چ لە بەرامبەر لێکەوتەکانی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە جیهاندا کە کاریگەری راستەوخۆیان بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبوو، جا ئەو کاریگەرێتییە هەرچەند و هەر چۆنێک بووبێ تا ئەندازەی ئەوەی دوژمنان و ناحەزانی کابینەکە لێرەو لەوێ ژێراو ژێر هەوڵی بنکۆڵکردن و داڕووخانیشیان دەدا، وەڵێ هەموویان بوون بە گرەوی یارییە دۆڕاوەکانی ئەودیوی پەردە.

ئەمە بارودۆخی ناوخۆ بوو، لە دەرەوەش سەرباری درێژەدان بە سیاسەتی بڕین و نەناردنی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان لەلایەن بەغداوە، سەرباری درێژەکێشانی پرۆسەی ڕووبەڕووبوونەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ بەڵام هەموویان پوکانەوە لە بەردەم  خۆڕاگری و مکوڕی و کۆششی سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێزدار مەسرور بارزانی دا خۆیان ڕانەگرت.

مەسرور بارزانی بە پەیڕەوکردنی لێزانی بۆ پیادەکردنی بەرنامەی کاری کابینەکەی بەهێنانەدی خواستی یەکەمی خۆی و هاووڵاتیانی کوردستان کە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بوو لە لایەک و لە لایەکەی دیکەشدا کەمکردنەوەی خەرجی وەزارەتەکان و هەمەچەشن و هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات بوون، بوون بە سەرچاوەی هێزی باوەڕ و توانای ئابووری بۆی، بوون بە چاوگی ئیرادە و بەردەوام بوون و بەخشش و سووربوون و موکڕبوون بۆ ئەنجامدانی چاکسازی هەمیشەیی و رێگریکردن لە بە فێڕودان و بەهەدەردانی سامانی گشتی وڵات.

کابینەی نۆیەم سێ ساڵی پڕ لە ئاستەنگی و ئاڵنگاری و پڕ لە گرفتی خۆرسک و دەستکرد و سروشتی  بەسەر برد، سێ ساڵی پڕ لە هەنگاوی مەزن بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و چاکسازی و رێگری لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و سێ ساڵی پڕ لە کار و کۆشش بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و دابینکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ خەڵکی کوردستان سەربەرزانە بەسەر برد.

کابینەی نۆیەم لە ساڵی سێیەمی تەمەنی دا وورد و ژیرانە تێکۆشاوە تا پێگەی کوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهاندا تۆکمە و توندوتۆڵتر بکا، و سەرچاوەکانی وزەی هەرێمی کوردستانیش لە ڕوانگەی (وزە وەک پێداویستیەک بۆ مرۆڤایەتی) لەم پرسەدا بڕوانی و ڕوانینی خۆی بە ناوەندە ئابووری و سیاسییەکانی دونیادا بگەینێ و لەوێشەوە بە جیهانیبوونی پرسی وزەی هەرێمی کوردستان بکاتە بابەتی گەرمی جیهانی.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قەیرانە فرەو زۆر و زەوەندەکاندا هەرێمی کوردستانی لە ڕووی ئابوورییەوە بە تۆکمەییەوە پاراست، پارەی بۆ مووچە و بوودجە قەرزنەکرد، بە شایستەیش قەرزی دایەوە.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەمەنی سێ ساڵەیدا کوردستانێکی بەهێزتر بنیات دەنێ، نیشتیمانێکی سەرفراز ئاوەدانتر دەکات.

ئەو مەسرور بارزانی، پیاوە ئاوریشمییە پۆڵاینەکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  خاوەنی و شەو پەیڤینی خۆیەتی و خۆی بەرپرسیاری گفت و بەڵێنەکان دەزانی لە قوڵایی بەرپرسیارەتییەوە دەدوێ، ئەو لە گوتارەکەیدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی  (100سەت رۆژ) بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمدا لە 7-12-2019 ڕاشکاو و بوێرانە گوتی: ئێمە تەنیا بەڵێن نادەین، بەڵکو بەڵێنەکانیشمان جێبەجێ دەکەین. 

هەولێر 11-7-2022