Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەنگەرەکانی پێشمەرگە بە جۆرێک قایم کراون جووڵەی داعش لە سنووری پێشمەرگە نەماوە

ھەولێر -KDP.info- بەرپرسی میحوەری پێشمەرگەی  پردێ-کەرکووک گوتی، دوای ئەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەموو پێداویستییەکی بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە دابین کرد، ئێستا سەنگەرەکانی پێشمەرگە زۆر باش قایم کراون و جووڵەی داعش تەنھا لە سنووری ھێزە عێراقییەکان ھەیە و لە سنووری پێشمەرگە نییە، چونکە دووربینی شەوانیشمان بۆ دابین کراوە.

نووری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری ھێزی پێشمەرگەی پردێ-کەرکوک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ھۆکاری کەمبوونەوەی جووڵەی داعش لە سنووری پێشمەرگە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێستا سەنگەرەکانی پێشمەرگە باش قایم کراون، بۆیە جووڵەیان لە سنووری پێشمەرگە کەم بووەتەوە و ئێستا پەلامارەکانی داعش کەمە، چونکە ھەم سەنگەر قایم بوون و ھەم دوربینی شەوانەمان بۆ دابین کراوە و سەرۆک بارزانییش پێش ئەوەی سەرۆکی ھەرێم دوربینی شەو دابین بکات، فەرمانی کرد سەنگەرەکان پێداویستییان بۆ دابین بکرێت و دواتریش سەرۆکی ھەرێم بڕیاری دا ھەرچی پێویستە بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە پێداویستی دابین بکرێت.''

نووری حەمە عەلی گوتیشی: ''ئێستا داعش زیاتر لە ناوچەکانی ھێزە عێراقییەکان جموجۆڵی ھەیە و لە سنووری پێشمەرگە نییە و سەنگەرەکانی شەڕیش بەردەوام پێویستیان بە پێداویستی ھەیە، بۆ ئەوەی زیاتر قایم بکرێت، بۆیە ئێستا سەنگەرەکانی پێشمەرگە زۆر باش قایم کراون و پێداویستییان بۆ دابین کراوە لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە.''

 

بڵند ئیبراھیم