Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شوان کەلاری: پێویستە دەستوەردانی دەرەکی لە عێراقدا نەکرێت

ھەولێر-KDP.info-  نزیکەی نۆ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنی عێراقدا تێپەڕ دەبێت و ھێشتا حکوومەتی نوێ پێک نەھاتووە و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێت، دەستوەردانی دەرەکی ڕێگرە لەوەی عێراق بکەوێتە سەر ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی.

شوان کەلاری، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێمان وایە سەروەریی عێراق لاوازبووە و وڵاتانی ئیقلیمی دەستوەردانی ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆی ڕەوشی عێراق دەکەن و قسەی جددییان ھەیە لەسەر پرۆسەی حوکمڕانی لە عێراق و ئاراستەی ڕووداوەکان بگۆڕن، ھەروەھا ھێزی چەکداری نایاسایی و خەڵکێک لە عێراق بارەگایان کردووەتەوە و کێشە بۆ ڕێککەوتنەکانی حکوومەتی ھەرێم و فیدراڵ دروست دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە ڕێککەوتنێکی فەرمی هەیە لەنێوان ھەردوو حکوومەت، بەڵام ئاستەنگ بۆ جێبەجێکردنی دروست دەکرێت.''

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: ''وڵاتانی ناوچەکە بە شێوەیەک دەستوەردان لە ڕەوشی عێراق دەکەن تا ئاستی ھەڕەشە و ئاراستەکردنی مووشەک و ھەبوونی گرووپی چەکدار و دەزگای ھەواڵگری لەنێو عێراق و ئەمانە ھەمووی ھۆکارن بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر سەروەریی عێراق ھەبێت”.

شوان کەلاری، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''دەستی دەرەکی دەیەوێت حکوومەتێک لە عێراق دروست بکرێت لە بەرژەوەندیی خۆیان بێت و خزمەتی بەرژەوەندیی ئەوان بکات، ئەوەش فاکتەری سەرەکیی پەککەوتنی پرۆسەی سیاسییە لە عێراق، بۆیە عێراقییەکان بەخۆ نەکەون و خەڵکی دڵسۆزی عێراق ھەوڵ نەدەن دەستوەردانی دەرەکی کەم بکرێتەوە و عێراق ھی عێراقییەکان بێت و حکوومەتێکی نیشتمانی پێک بێت، ئەوە گومانی تێدا نییە ڕەوشی عێراق تا دێت بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت و کێشەکان چارەسەر ناکرێن و پرۆسەی سیاسی لە عێراق ناکەوێتە سەر ڕێگەی دروستی حوکمڕانی و دیموکراسیی خۆی.''

 

قائید میرۆ