Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دژوار فایەق: بڕیارەکەی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک تەعریبێکی رێکخراوە

ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بڕیارێکی دەرکردووە بۆ کوژاندنەوەی فۆرمی خۆراک و کارتی زانیاری ئەو کەسانەی لە کەرکووک نیشتەجێ نین، ھاوکات سەرۆکی بۆردی ماددەی ١٤٠ لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، بڕیارەکە تەعربێکی رێکخراوە.

 

 

دژوار فایەق، سەرۆکی بۆردی ماددەی ١٤٠ لە ئەنجوومەنی وەزیران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: “ئەمە تەعریبە و تەعریبێکی رێکخراوە و پشتیوانیشی ھەیە، لەبەر ئەوەی پڕۆژەیە و ھەبوونی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک خۆی نا یاساییە و بەشێکە لە پرۆسەی تەعریبکردن لە پارێزگای کەرکووک، ھەروەھا دەرکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیە مەترسی ھەیە بۆ کورد و بە ئاشکرا کار بۆ دژایەتی کورد دەکرێت و ئەو بڕیارە و چەندین بڕیاری دیکەش بەڵگەی ئەوەن تەعریب بەشێوەیەکی مەترسیدار بەڕێوەدەچێت”.

 

راکان سەعید، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بڕیارێکی دەرکردووە و تێدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ھەر ھاووڵاتیەک لەنێو سنووری کەرکووک نیشتەجێ نەبێت فۆرمی خۆراک و کارتی زانیاری لەسەر کەرکووک نامێنێ.

 

دژوار فایەق گوتیشی: “پێشتریش کاری پێچەوانەوەی ئەم بڕیارە کراوە بۆ گواستنەوەی فۆرمی خۆراکی ئەو عەرەبانەی ھاوردەن و بە مەبەستی بە عەرەبکردن دێنە کەرکووک کار ئاسانیان بۆ دەکرێت لە دەزگاکانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک و فۆرمی خۆراکیان دەگوازرێتەوە بۆ کەرکووک، ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراق و ماددەی ١٤٠ی دەستوورە، چونکە نابێت دەستکاری ئەو ناوچانە بکرێت تا ئەوکاتەی چارەنووسیان بەپێی دەستوور ئاسایی بکرێتەوە”.

 

قائید میرۆ