Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری تەندروستی: ھۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا بۆ بڵاوبوونەوەی شەپۆلی پێنجەم دەگەڕێتەوە

ھەولێر -KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ھۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی نەخۆشیی کۆرۆنا بۆ بڵابوونەوەی شەپۆلی پێنجەم لە جیھاندا دەگەڕێتەوە و پێویستە ھاووڵاتیان ھۆشیار بن و خۆیان بپارێزن و ئەگەر نیشانەیان ھەبوو زوو تێست بکەن و ئەگەر تووش بوون لە ماڵەوە بمێننەوە و گرنگیشە سێ ژەمی ڤاکسین بەکار بێنن.

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر سامان بەرزنجی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ھۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شەپۆلی پێنجەمی کۆرۆنا لە ھەموو جیھان بڵاو بووەتەوە، دوو ڕێکار زۆر گرنگە ھاووڵاتیان بیانگرنە بەر؛ یەکەم، ئەگەر نیشانەکانیان ھەبوو زوو تێست بکەن و دووەم، ئەوانەی ڤاکسینیان لێ نەداوە، لێی بدەن.''

دکتۆر سامان بەرزنجی گوتی: ''لە وەزارەتیش لیژنەی باڵا چاودێریی دۆخەکە دەکات و ھۆشیارییش زۆر گرنگە بۆ ھاووڵاتیان کە ھەستیان بە نیشانەکان کرد تێست بکەن و خۆیان لە خەڵک جیا بکەنەوە و لێک دوورکەوتنەوە ھەبێت و ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن و خۆیان بپارێزن.''

بەرزنجی ئاماژەی بەوەش کرد: ''ئەوانەی تووش دەبن لە ماڵەوە بمێننەوە و ئەگەر دەوامیان ھەبێت مۆڵەتیان پێ دەدرێت و گرنگیشە ھەرکەسێک سێ ژەم ڤاکسین لە خۆی بدات.''

بڵند ئیبراھیم