Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قایمقامی ئاکرێ: بە گوژمەی ٢٠ ملیار دینار پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن

ئاکرێ -KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارەی بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری قەزای ئاکرێ دابین کردووە و قایمقامی ئاکرێش دەڵێ، بە گوژمەی ٢٠ ملیار دینار چەندین پڕۆژە دەچنە واری جێبەجێکردنەوە.

مازن محەمەد، قایمقامی ئاکرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بودجەی بۆ پڕۆژەکانی قەزای ئاکرێ دابین کردووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری و بودجەکەش ١٥ ملیار دیناری عێراقییە، ئیدارەی خۆجێی ئاکرێ بەپێی ڕێژەی دانیشتووان پڕۆژەکانی بەسەر ھەرسێ ناحیەی سەر بە قەزاکەدا دابەش کردووە، جگە لەو بودجەیەش پێنج ملیار دیناری دیکە بۆ ئاکرێ خەرج کراوە''.

قایمقامی ئاکرێ گوتی: ''دەرخستە بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری کراوە، تا بەو پارەیە دەستبەکار بن، ھەموو ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی تەواو بوونە و پڕۆژەکان پەسەند کراون، تەنیا ماوە بخرێنە واری جێبەجێکردن، ئێمەیش چاوەڕێی دەستبەکاربوونی کۆمپانیاکان دەکەین بۆ کارکردن.''

مازن محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "جگە لەو دوو گوژمەی پارە بۆ پڕۆژەکانی ئاکرێ، پڕۆژەیەکی دیکەی ڕێگاوبان لە دەڤەری کانی توز لە ئاکرێ پەسەند کراوە و بڕیارە ئەویش بچێتە واری جێبەجێکردن و، بە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە قەزای ئاکرێ لەڕووی خزمەتگوزارییەوە دەچێتە قۆناغێکی دیکەی ئاوەدانییەوە.''

 

قائید میرۆ