Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری گومرگ: بەراورد به‌ بازاڕەکانی جیھان بازاڕەکانی ھەرێم نرخیان باشترە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ ئاشکرایکرد، بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ھەڵگرتنی باج و ڕسومات لەسەر ماددە سەرەکیەکانی خۆراک کاریگەری ھەبووە لەسەر بازاڕ و گوتیشی، بەراورد لەگەڵ بازاڕەکانی جیھان بازاڕەکانی ھەرێم نرخیان باشترە.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی ھەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: “بە بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و باج و ڕسوماتی گومرگی لەسەر ژمارەیەک ماددەی خۆراکی ھەڵگیراوە بە مەبەستی ئەوەی نرخی خۆراک بەرز نەبێتەوە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەو مادانەی سەرەکین بۆ ھاووڵاتیان و پێداویستی رۆژانەی خەڵکن، وەک ئارد و برنج و شەکر و چاو پاقلەمەنی و زەیت، ھەروەھا ھەڵگرتنی باج بۆ ماوەیەک بەردەوام دەبێت، تا لایەنی کەم ئەو گرانیەی جیھانی گرتۆتەوە کاریگەری کەمتر بێت لەسەر ھەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەری گشتی گومرگ دەشڵێت: “بڕیارەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاریگەری ھەبووە لەسەر رەوشی بازاڕ و کۆنتڕۆڵکردنی نرخ، چونکە دیراسەی بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان کراوە لەدوای ئەو گرانیەی بازاڕەکانی جیھانی گرتۆتەوە و دەرکەوتووە، بازاڕی ھەرێم بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەر و جیھان زۆر باشترە.

ساماڵ عەبدولڕەحمان روونیکردەوە: “ئەو گرانیەی ھەیە ھۆکارەکان دەرەکین و لەسەرچاوەی بەرھەمھێنان نرخیان بەرز بۆتەوە، بەڵام حکوومەت بەو بڕیارەی توانی کاریگەری زۆری نەبێت لەسەر بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێستا لەڕووی نرخەوە ھەرێمی کوردستان باشترە لە وڵاتانی جیھان.

 

قائید میرۆ