Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیزا کاکەیی: پشووه‌كه‌ی پەرلەمان تا مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبێت

ھەولێر-KDP.info- پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو مانگ کەوتۆتە پشووی وەرزی یاسا دانان و پەرلەمانتارێکیش دەڵێ، کاری لیژنەکانی پەرلەمان وەک خۆی بەڕێوەدەچێت و ئەگەر پێویست بکات کۆبوونەوەی نا ئاسایی ئەنجامدەدرێت بۆ ھەر پرسێک ئەگەر پێویستی بە کۆبوونەوە ھەبێت.

لیزا کاکەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: “پەرلەمانی کوردستان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دوو پشووی وەرزی یاسا دانانی ھەیە، ئەوانیش پشووی وەرزی یاسا دانانی زستانە و ھاوینە، کە ھەر یەکەیان دوو مانگە، لەسەرەتای ئەم مانگەوە پەرلەمانی کوردستان کەوتۆتە پشووی وەرزی یاسا دانان و تا سەرەتای مانگی ئەیلوولی داھاتوو بەردەوام دەبێت بۆ ماوەی دوو مانگ، واتە ھیچ کۆبوونەوەیەکی ئاسایی پەرلەمان بەڕێوە ناچێت لەو ماوەیەدا.

ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: “پشووی وەرزی یاسا دانان بە مانای ئەوە نایەت پەرلەمان بە یەکجاری دەکەوێتە پشووی فەرمیی و ھیچ کۆبوونەوە و دەوام ناکات، کاری لیژنەکان وەک خۆی بەڕێوەدەچێت و جگە لە کۆبوونەوەی ئاسایی ھەموو کارەکانی پەرلەمان بەڕێوەدەچن.

لیزا کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: “لەماوەی پشووی وەرزی یاسادانان ئەگەر حاڵەتی پێویست ھەبێت لە رێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە بانگھێشتی ئەندامان دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نا ئاسایی و لە ماوەی دوو مانگی داھاتوو ئەگەر پێویست بە کۆبوونەوە ھەبێت ئەوە پەرلەمانی کوردستان ئامادەیە کۆببێتەوە، بەڵام پێی دەگوترێت کۆبوونەوەی نا ئاسایی.

 

قائید میرۆ