Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرپرسێکی حزبی شیوعی: پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک عەرەبی ھاوردە دەگەڕێنێتەوە کەرکووک

کەرکووک -KDP.info- پرۆسەی تەعریب لە ناوچەکانی کەرکووک خێراتر بووە و بەرپرسی مەڵبەندی حزبی شیوعییش لە کەرکووک ئاشکرای کرد، ئەو ناوچانەی دەستی کورد نایانگاتێ کەوتوونەتە بەر شاڵاوی بەعەرەبکردن و پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووکیش ھۆکارێکە بۆ گەڕانەوەی عەرەبێ شۆڤێنی.

دڵشاد حەساری، بەرپرسی مەڵبەندی حزبی شیوعی لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو عەقلیەتەی ئێستا لە عێراق ھەیە ڕێز لە یاسا و دەستوور ناگرێت، ئەوەش وای کردوە پرۆسەی تەعریب لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان بەردەوام بێت، ئەو ناوچانەی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دەستی کورد نایگاتێ مەترسییان لەسەرە، چونکە ئەو گرێبەستانەی سەردەمی ڕژێمی بەعس کراون، ھەڵوەشێندراونەتەوە، بەڵام لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ نەکراوە و ھۆکارە عەرەبە ھاوردەکان دەستیان کراوە بێت.''

بەرپرسەکەی حزبی شیوعی دەڵێت: "ھەبوونی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووکیش ھۆکارێکە لە ڕێگەی ئەو گرێبەستە کۆنانەوە درێژە بە تەعریب بدەن و عەرەبی شوڤێنی دەگەڕێندرێنەوە سەر زەویی کورد، بەتایبەتی ناوچەکانی سەرگەڕان و پەلکانە و حەفتەغار و دەوروبەری دوبس دەستی کورد لێی دوورە و خەڵکی کورد ناچار دەکرێت دەر بکرێت لەسەر گوندەکانیان، پێویستە ئەو لایەنانەی جەماوەریان لە شاری کەرکووک خۆپێشاندان ئەنجام بدەن دژی پیلانی تەعریب.

لای خۆیشییەوە جوان حەسەن، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژ بە ڕۆژ ھێنانی عەرەبی شۆڤێنی بۆ کەرکووک ڕوو لە ھەکشانە و لەڕێگەی گواستنەوەی فۆرمی خۆراکەوە کار بۆ زیادکردنی ڕێژەی عەرەب دەکرێت لە کەرکووک و دەوروبەری، ھەنگاوەکانی بەعەرەبکردن خێراتر بوونە و کوردیش ھیچ دەسەڵاتێکی نەماوە لە کەرکووک بۆ ئەوەی چاودێریی ڕەوشەکە بکات و بەرگری لە ھاووڵاتیانی کورد بکات.''

 

قائید میرۆ