Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی ناوخۆ بۆ KDP: چەکی بێ مۆڵەت بدەنە حکوومەت.. رێنمایی نوێ دەردەچێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە ماوەیەکی نزیکدا رێنمایی نوێ لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٢ی چەک لە ھەرێمی کوردستان دەردەچێت و داواکارین ئەوەی چەکی لایە ڕادەستی حکوومەتی بکات ئەگەرنا لە ھەر شوێنێک چەک ھەبێت دەستی بەسەردا دەگرن و بەپێی یاسای چەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر ھێمن میرانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “ھەموو دووکان و بازاڕەکانی چەک فرۆشتن داخران و لە ماوەیەکی نزیکدا رێنمایی نوێ بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارەی ٢ی چەک لەھەرێمی کوردستان دەردەچێت.

دکتۆر ھێمن میرانی گوتیشی: “ئەو یاسایە وردەکاری رێکخستنی بواری چەک لە کوردستان لەخۆ دەگرێت، ھەروەھا ئاماژە بەوەش دەکات، بازاڕەکان ھەموو داخراون و بەگوێرەی رێنمایەکان مامەڵە لەگەڵ چەک و شوێنی چەک دەکرێت و ھەڵمەتەکانیش بەردەوام دەبن و داواش لە ھاووڵاتیان دەکەین خۆیان چەکی بێ مۆڵەت بدەنە حکوومەت، وەکو سەرۆکی حکوومەت فەرمووی ئەگەرنا لەھەر شوێنێک چەکی بێ مۆڵەت ھەبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت و بەگوێرەی یاسای چەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

 

بڵند ئیبراھیم