Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یادگار مەحموود: ڕاگرتنی سیستەمی فیدراڵی کەوتووەتە ئەستۆی کورد

لقی شەشی ئەورووپای پارتی سیمینارێکی بۆ یادگار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی عێراق ساز کرد و تێیدا ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی تیشکی خستە سەر پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەییی عێراقدا.

یادگار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە ئاستی نەتەوەییدا ئیمە، وەکو کورد، ویستمان بۆ فیدراڵی جیاوازە لەگەڵ شیعەکان و سوننەکان بۆ دابەشبوونی عێراق بۆ سێ هەرێمی فیدراڵی، بەڵام ئەوە خواستی سوننەی سیاسی نییە بۆ فیدراڵی و خواستی هەرێمێکی سوننەیان نییە، سوننەی سیاسی کێشەیان نییە ئەگەر لە عێراقدا ناوەندێکی دەسەڵات هەبێت، ڕاگرتنی عێراق وەکوو سیستەمێکی فیدراڵی کەوتووەتە ئەستۆی کورد، ئەم سیستەمەی عێراقی ئێستا کە پێی دەڵێن فیدراڵی، فیدراڵی نییە، چونکە لایەنەکانی دیکە وەکوو شیعەی سیاسی و سوننەی سیاسی، وەکوو سیستەمی فیدراڵی مامەڵەی لەگەڵ ناکەن، ئەم ماوەیەی کە من لە بەغدا بوومە، دەبینم دەیانەوێت زۆر جار کوردستان وەکوو پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک وەکوو هەرێم، ئەمەش خۆی بۆ خۆی مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئەم سیستمە.''

گوتیشی: ''کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیەوێت وەکوو سیستەمی فیدراڵی بناسرێت، هاوپەیمانان دەیانەوێت یەکگرتوویی عێراق و ڕاگرتنی ئەم سیستەمەی عێراق لەسەر ئێسک و پروسکی کورد ڕابگرن، ئێمە لەسەر پرەنسیپی دیموکراسی لە هەڵبژاردن کە دەبێت براوە حکوومەت پێک بهێنێت، لەگەڵ براوە بووین، پاش کشانەوەی سەدر لە پڕۆسەی سیاسی دروستکردنی حکوومەت،  لەسەر سینیەکی زێڕین پێشکەشی بە ئیتاری شیعی کرد.

دەشڵێت، ئەنجامی هەڵبژاردن وابوو، لە داوی ساڵی ٢٠١٣ پێش دەستپێکردنی هەرێمی کوردستان بە فرۆشتنی نەوت ئەجێندای ئیقلیمی هاتە ناو سیاسەتی عێراقەوە، ئەندام پەرلەمانەکانی عێراق دەڵێن ئەو ٢٠٠ ملیارە دینارە یاسایی نییە کە دەڕوات بۆ هەرێمی کوردستان، ئەم مووشەکبارانەی کە دەستی پێ کردووە بەرامبەر هەرێم، دژایەتییەکی زۆر ڕەقە بەرامبەر بە هەرێم، بەم مووشەکبارانە دەیانەوێت وا لە کوردساتن بکەن بە کەمترین دەستکەوت ڕازی بێت، لە کاتی دەنگدان لە پەرلەمانی عێراق بۆ ئاسایشی خۆراک زۆر دژایەتیی هەرێمی کوردستانیان کرد، ئێمە لە ٢٥ ملیارد دینار داوای ٠/٠ ١٣.٩مان کرد بەپێی دەستوری عێراق.

ئەندامەکەی لیژەی یاسایی دەڵێت: "ئەگەر ئێمە بەشداریی تەشکیلەی حکوومەتی ئێستا نەکەین ڕەنگە کێشەکە سەر بکێشێت بۆ کێشەی مەزهەبی و کێشەی کورد وەکوو نەتەوە بکەن بە کێشەی مەزهەبی، هیوادارم کورد خۆی کۆ بکاتەوە، نەک هەریەک لە ئاوازێک بخوێنێ، لە بەغدا بە شێوەکی زۆر خراپ مامەڵە لەگەڵ ئێمە دەکەن، دەیانەوێ وەکوو پارێزگا لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵە بکەن، نەک وەکوو هەرێم و جیاوازیی شار و شار لەگەڵ ئیمە دەکەن، کێ خەڵکی سلێمانییە و کێ خەڵکی هەولێرە، ئێمە دەبێت بڕوای تەواومان هەبێت بە سەرکردایەتیی خۆمان کە جەنابی سەرۆک بارزانی ڕابەرایەتیی دەکات و جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرفان بارزانی بۆ ئەوەی بتوانین لە کوردستان بەشەرف و کەرامەتەوە بژین، بڕیاری جەنابی سەرۆک بۆ ڕیفراندۆم پرۆژەیەکی نەتەوەیی بوو، چونکە هیچ ئۆمێدی بە عێراق نەمابوو، ئەوان داوای هەموو شتێک لە ئێمە دەکەن، بەڵام ئامادە نین هیچمان بدەنێ، ئێمە دەبێت بەرەو کۆنفیدراڵی بڕۆین، بەڵام لەگەڵ کێ، پێویستە ئێمە ئامادەییی باشمان هەبێت بۆ دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەییمان، ئێمە کارتی فشاری زۆرمان هەیە و ستراتیجیمان باڵایە.''

یادگار مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "سیستەمی دابینکردنی مووچەی هەرسێ پارێزگا و هۆکاری دواکەوتنی مووچەی پارێزگای سلێمانی، جگە لە ۲٠٠ ملیارەکەی بەغدا، پارەی مووچەخۆرانی هەرێم لە داهاتی نەوتی و نانەوتی دابین دەکرێت، تێکڕا بۆ مانگێک ٦٤ ملیۆن دۆلار لە داهاتی ناخۆی پارێزگای هەولێر و ۳۲ ملیۆن دۆلار لە داهاتی ناوخۆی پارێزگای دهۆک بۆ تەکمیلەکردنی پارەی مووچەی هەردوو پارێزگا دابین دەکرێت. ئەم سیستەمە لە هەردوو پارێزگا گرفتی کورتهێنانی لە پارەی مووچە چارەسەر کردووە و پڕۆسەکە بەبێ کێشە بەڕێوە دەچێت، پارێزگای سلێمانی بۆ مووچەی مانگێکی پێویستی بە ۲٤۱ ملیۆن دۆلارە، بۆ ئەم مانگە ۱۹۳ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت بۆ مووچەخۆرانی پارێزگاکە ڕەوان کراوە، ئەو بڕەی کە دەمێنێتەوە ٤۸ ملیۆن دۆلارە کە دەبێت بە داهاتی ناوخۆی پارێزگاکە تەکمیلە بکرێت، داهاتی ناوخۆی سلێمانی بە تێکڕا بۆ مانگێک ۱٠٥ ملیۆن دۆلارە و دەتوانرێت زۆر بەئاسانی مووچەی مانگێکی پێ تەکمیلە بکرێت و ٥۷ ملیۆن دۆلاریش بۆ بابەتی خەرجییەکانی تر و خزمەتگوزاریی پارێزگاکە دەمێنێتەوە، هیچ مەعقوول نییە بانکەکانی پارێزگاکە بە مووچەخۆران و خانەنشینان بڵێن پارە نییە!.''

قائید میرۆ