Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

٢٥٠ شوێن بۆ دروستکردنی بەنداو دیاری کراوە

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری پێشووی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە بواری ئاودا لە ھەرێمی کوردستان پلانێکی ستراتیژی دانراوە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت و٢٥٠ شوێن زیاتر بۆ دروستکردنی بەنداو دیاری کراوە و تا ئێستا ھەرێمی کوردستان خاوەنی ٢٠ بەنداوە.

ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری پێشووی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھەرێمی کوردستان ئاوێکی زۆری ژێرزەوی و سەرزەویی ھەیە و ئەوەی گرنگە سوودی لێ وەرگرین و تووشی کەمئاوی نەبین و ھەماھەنگی لە نێوان ھەموو ئەوانەدا ھەبێت کە ئاو بەکار دێنن، ئەگەرنا وەرزی زستان چەندیش ببارێت کێشەی کەمئاویمان دەبێت، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانێکی ستراتیژیی گرنگی ھەیە بۆ سێکتەری ئاو، ئەگەر جێبەجێ بکرێت، کێشەی کەمئاویمان نابێت، چونکە پێویستە سوود لەو ئاوەش وەرگرین کە بەکار دێت و پێویستە دووبارە بەکاری بێنینەوە.''

بەڕێوەبەری پێشووی بەنداوەکان لە ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "لە ھەرێمی کوردستان دەتواندرێت ژمارەیەکی زۆری بەنداو دروست بکرێت کە ئێمە زیاتر لە ٢٥٠ شوێنمان دیاری کردبوو بۆ ئەوەی بەنداوی لێ دروست بکرێت و گونجاون بۆ بەنداو و ئێستا ھەرێمی کوردستان خاوەنی ٢٠ بەنداوە، بۆیە پلان ھەیە و گرنگە ئەو پلانە جێبەجێ بکرێت.

بڵند ئیبراھیم