Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كورد و كوردستان بە‌ ئە‌نفال نە‌سڕایە‌وە‌، بە‌ درۆن و مووشە‌ك ناسڕێتە‌وە‌

بێستوون مەسعوود ساڵەیی

هێرشە مووشەکیەکان دەرخەری ئەوەن کە کوردستانێکی بەهێز لە ناوچەکە بوونی هەیە، کوردستانێک کە دەوڵەت نییە بەڵام هەنگاوەکانی پێشکەوتن تێیدا خێران و دواڕۆژێکی گەش چاوەڕێی دەکات، کوردستان هەرێمێکی فیدرالە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدایە، بەڵام گەورەتر لە هەرێمێکی فیدرال لێی دەڕوانرێت و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بە بایەخەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

کوردستان تاکە هەرێمی ناوچەکەیە کە چوار دەورەکەی وەکو مەترسی و کێشەیەک بۆ خۆیان تەماشای دەکەن، هەر بۆیە هێرشی مووشەک و درۆنەکان بۆ ئەم هەرێمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە. لە خەمی ئەوەدان کوردستان سبەی ئەگەر دەوڵەت بێت گرنگترین و بەهێزترین پێگەی ئابووری، سیاسی لە ناوچەکەدا دەبێت و خەڵکەکەشی لە ئارامی و خۆشگوزەرانیدا ژیان دەکەن.

کوردستان ئەو نمونە جوانەی دیموکراسییە لە ناوچەکە کە ئەمە بۆ زۆربەی ئەوانەی دژایەتی دەکەن دەردێکی کوشندەیە. هەرێمی کوردستان هیچ کات شەڕخواز نییە و پێگەیەک نییە بۆ هەڕەشە و تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دەوروبەر بەڵکو هەمیشە دەستی ئاشتی و هاوسێیەتی بۆ درێژ کردوون و پێی وایە دەبێت هەمووان پێکەوە لە ئاشتیدا بژین و ڕێز لە سەروەری و ئاسایشی یەکتر بگیرێت.

پێمان وایە ئاشتی و لێکتێگەیشتنە دەمانگەیەنێتە کەنارێکی ئارام و سەرجەم پێکهاتە و گەلانی ناوچەکە لە ئارامیدا دەبن.

بەڵام دیمەنی ڕاستەقینەی ناوچەکە پێمان دەڵێت عەقڵیەتی دواکەوتووی ئەو ڕژێمانەی کە هاوسێمانن خاکێک بە ناوی کوردستان و گەلێکی زوڵملێکراو بەناوی کورد پێ هەزم ناکرێت و ناتوانن مامەڵەی ئاشتیانەی لەگەڵدا بکەن، تەنیا زمانێک کە ئەوان لێی شارەزان زمانی چەک و شەڕ پێفرۆشتنە، نەک ئاشتی و زمانی گفتوگۆ.

لێرە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوون لە هەموو بوارەکاندا کوردستانێکی جیاواز لە عێراق و وڵاتانی دەوروبەر دەرخستووە، ئەوان لەو باوەڕەدا نەبوون کوردستان بەو خێراییە بنیاد بنرێتەوە و لە ڕووی گەشەسەندنی ئابووری و ئاوەدانی و سەربازی و هەواڵگری هەنگاوی خێرا و جددی بهاوێژێت و ببێت بە نموونەیەکی جیاوازی ناوچەکە، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ کە دەیبینن نە حكوومەتی عێراق و نە وڵاتانی ناوچەکە بۆیان هەزم ناکرێت و بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەزانن، نێوانی ئێمە و ئەوان لە عەقڵیەتدایە، عەقڵیەتێک ئاشتی و ڕێزگرتن لەیەکتر بە پێویست دەزانێت، عەقڵیەتێکیش شەڕ و داگیرکاریی پیشەیەتی، عەقڵیەتێک کە لە ئاشتی و پێکەوە ژیان تێنەگات، کە ڕێز لە مافی گەلان نەگرێت هێز نیشان دەدات و هەمیشە لە هزری داگیرکاری و سڕینەوەی بەرامبەر دەبێت.

کوردستان کەوتووەتە بەر هێرشێکی ڕانەگەیێنراوی نافەرمی، لە چوار لاوە ئاگرو ئاسن دەبارێننە سەر خاکەکەی، هەر جارەو گروپێکی میلیشیایی سەر بە لایەنە شیعەکانی عێراق خۆی وەکو ئەنجامدەری هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەناسێنێت و وەکو دەستکەوت بۆ بەناو بەرەی مقاوەمە لە ئەستۆی دەگرن، بەڵام ئەوانەی کە شەڕ بە هەرێمی کوردستان دەفرۆشن پێویستە داستانەکانی پردێ و سحێلا و مەحموودییە وەبیر خۆیان بهێننەوە کە یاریکردن بە خاکی کوردستان تەنها سەرشۆڕی و چارەنووسێکی ڕەشتر لە داستانەکانی پێشوو چاوەڕێیان دەکات. سەرۆک مەسعود بارزانی لە دوایین ئاماژە پێکردنیان بۆ شەڕ دەفەرموێ:

شەڕ خراپترین شتە، لە شەڕ خراپتر تەسلیمبوونە، ئێمە تەسلیم نابین. کەواتە شەڕفرۆشان دەبێت ئەوە بزانن کورد نە بە‌ کیمیاباران لە ناوچوو نە بە ئەنفال و قەتڵوعام و نە بە درۆن و مووشەکە دوورهاوێژ و کورتهاوێژەکان لەناو دەچێت، خەڵکی کوردستان خاوەنی ئیرادەیێکی بەهێزو پۆڵایینە و روحیەتی بەرگریکردن لە نیشتیمان لە لووتکەدایە، ئەمڕۆ گەلی کوردستان لە هەموو ڕۆژ و سەردەمێک بەگوڕتر و بە ورەترن بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان.