Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ھەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامن"

هەولێر – KDP.info- لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە ژمارەیەک پۆستی وەزارەتی پێشمەرگەدا ئاڵوگۆڕ کرا و سەرچاوەیەکی بەرپرسیش ئاشکرای کرد، ھەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامن و پێشتر بە ھۆکاری شەڕی داعشەوە پڕۆسەکە ڕاگیرابوو.

سەرچاوەیەکی بەرپرس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پڕۆسەی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە و ھەندێک جار بەھۆی کێشەی سیاسییەوە دوا دەکەوێت، بەداخەوە شەڕی داعش بووە ھۆکاری ڕاگرتنی پڕۆسەی چاکسازی، بەڵام ئێستا پڕۆسەی چاکسازی بەردەوامە و سەرەڕای بەربەستی ماددی چاکسازی بەڕێوە دەچێت، ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە تەنیا بە ژمارە نابێت، بەڵکوو دەمانەوێت بڕوای پێشمەرگە بگۆڕین بۆ دروستکردنی ھێزێکی یەکگرتوو لە ھەرێمی کوردستاندا.''

بەپێی بەدواداچوونێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستا ٢١ لیوای ھاوبەش لە وەزارەتی پێشمەرگە پێک ھاتوون و لە قۆناغی داھاتوودا ژمارەیەک لیوای دیکەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دروست دەکرێن.

سەرچاوەکە گوتیشی: ''ھێزی پێشمەرگە دەبێتە ھێزێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی ھەموو ڕەنگە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان و پاراستنی نیشتمانی کوردستان، ھەنگاوەکان نەوەستاون بۆ دروستکردنی ھێزێکی نیشتمانی بۆ ھەرێمی کوردستان، ئاڵوگۆڕەکانی پێشمەرگە ھەر لە چوارچێوەی ئەو چاکسازییەی وەزارەتی پێشمەرگەدان.''

قائید میرۆ