Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەعید سەلیم: کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی بەردەوام دەبێت

هەولێر -KDP.info- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، بڕیارە پارتی و یەکێتی لەسەر کۆبوونەوەکانیان بەردەوام بن و مەرجی پارتییش بۆ بەشداری لە حکوومەتی داھاتووی عێراق جێبەجێکردنی دەستووری ھەمیشەییی عێراقە.

سەعید سەلیم پشدەری، بەرپرسی لقی چواری پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''مێژوو سەلماندوویەتی ھەرکاتێک ئێمە یەکگرتوو بین، سەرکەوتن مسۆگەر بووە، لەبەر ئەوەش دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەستی پێ کردووە و بڕیارە کووبوونەوەکان بەردەوام بن تا بگەینە ئەنجامێک، بەڵام ڕۆژی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی داھاتوو نازانم کەی دەبێت.''

لەبارەی بەشداریی پارتی لە حکوومەتی عێراقدا بەرپرسەکەی پارتی گوتی: ''ئێمە بەشێکین لە عێراق، لەبەر ئەوەش ناتوانین لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بەشدار نەبین، تا بەشێک بین لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستای عێراق، لە ڕابردوودا شاندی دانوستانی پارتی سەردانی بەغدای کردووە و بەپێچەوانەوە، چەندین جار شاندی عێراقیش ھاتوونەتە خزمەت سەرۆک بارزانی و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ئەو پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت تا ئەو ڕەوشەی ژینگەی عێراق تووشی بووە و ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی لایەنە عێراقییەکان بووەتەوە، چارەسەر بکرێن.''

سەعید سەلیم پشدەری ڕوونیشی کردەوە: ''مەرجی پارتی، ئەو داواکارییانەی دەستوورن، کە کورد لە عێراق ھەیەتی، واتە ئەو ماددانەی دەستوور دیاری کردوون، ئەویش پەیوەستە بە شایستە دارایی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە، واتە مەرجی پارتی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ھەرێمی کوردستانە لە حکوومەتی داھاتووی عێراقدا و ھەر کەس و لایەنێک ئامادەی جێبەجێکردنیان بێت، پارتی ئامادەیە حکوومەت لەگەڵ ئەو لایەنە پێک بێنێت.''

قائید میرۆ