Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیاری حکوومەت لەبارەی بەنزینەوە جێبەجێ کرا

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیران گوتی، بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوردەکردنی بەنزین لە ڕێگەی خاڵە سنوورییەکانەوە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و ئێستا بازرگانان دەتوانن بێ باج و ڕسوومات بەنزین بەپێی هەندێک ڕێنمایی هاوردە بکەن .

عەبدوڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵگرتنی باج و ڕسوومات لەسەر هاوردەکردنی بەنزین، فەرمانەکە گەیشتووەتە هەموو خاڵە سنوورییەکان و ئێستا بازرگانان دەتوانن سەردانی خاڵە سنوورییەکان بکەن بۆ ئەوەی بۆ هاوردەکردنی بەنزین ڕێنماییی پێویست وەربگرن.''

بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیران گوتیشی: ''رێنماییەکانیش زۆر زەحمەت نییە و ئاسانە، بۆیە لەسەر بازرگانان دەمێنێتەوە بچن بەنزین هاوردە بکەن بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو بڕیارەش لەسەر کەمبوونەوەی نرخی بەنزین کاریگەریی خۆی دەبێت، ئەگەر بە شێوەیەکی باش هاوردە بکرێت.''

 

بڵند ئیبراهیم