Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری شارەوانی: کارکردن له‌ شەقامی 100مەتری سلێمانی نەوەستاوە و بەردەوامیش دەبێت

هه‌ولێر-KDP.info- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ فەرمانگەکانی ئاو و ئاوەڕۆی سلێمانی کۆبونەتەوە دڵنیاییان داونەتێ، کە هیچ کێشەیەک لە پاکی ئاوی خواردنەوەی شارەکەدا نییە، سەبارەت بە پرۆژەی شەقامی 100مەتری سلێمانیش دەڵێت کارکردن تێیدا نەوەستاوە و بەردەوامیش دەبێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،" ئەمڕۆ بە مەبەستی پیرۆزباییکردن لە سەرۆکی نوێی شارەوانی سلێمانی و کۆبونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیەکانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ هاتوینەتە سلێمانی، هیچ گرفتێک لە ئاوی خواردنەوەی شارەکەدا نییە، هەمووی خاوێنە و فلتەر کراوە، 100% دڵنیاییمان پێدراوە لەو بارەیەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد،" سەبارەت بەو سەوزاییانەی لەسەر رێڕەوەکانی ئاو دەکرێت، ئەوە تەنها کاری وەزارەتی ئێمە نییە، ئەوە کارێکی تەزامونییە، پێویستە ئیدارە خۆجێیەکان لەپێناو تەندروستی هاووڵاتیان رێگری لەو کارانە بکەن".

هاوکات سەبارەت بە بەهەمیشەییکردنی گرێبەستی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی ساسان عەونی رایگەیاند،" ژمارەیەکی زۆر فەرمانبەری گرێبەست هەیە، بەگوێرەی بڕیارێکی حکوومەت جارێکی دیکە هەژمارکردنیان بۆ دەکرێتەوە و ئەوەی گرنگ بێت بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.

باسی لەوەشکرد،" پلانی وەزارەتی شارەوانی بۆ ساڵی 2022 پێشکەش بە وەزارەتی پلاندانان کراوە، کەی بڕیاری لەبارەوە بدرێت جێبەجێ دەکرێن، جگە لەوەش سەرۆکایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆ لەسەر داهاتی خۆیان پرۆژەی گەیاندنی ئاو و ئاوەڕۆ بۆ گەڕەکە نوێیەکان جێبەجێ دەکەن".

سەبارەت بە پرۆژەی شەقامی 100مەتری سلێمانی، وەزیری شارەوانی گوتی،" رۆژی 6-6 دوا بڕیار لە دیوانی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بەو پرۆژەیە دەرچوو، کارکردن تێیدا بەردەوام دەبێت و پێشتریش هەر بەردەوام بووە، بە نیسبەت پارەی پرۆژەکەش میکانیزمێکی بۆ دیاریکراوە".

 

ڕامان وریا