Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پلەی 315 پۆلیس و رێپێدراو بەرز کرایەوە

دهۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک رایدەگەیەنێت، خولێکی پلەبەرزکردنەوە بۆ زیاتر لە 300 پۆلیس و رێپێردراو لە دهۆک کۆتایی هات کە ماوەی سێ هەفتەی بەردەوام بوو.

عه‌مید فه‌خرى ئه‌حمه‌د، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک رایگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە خولێکی دیکەی پلەبەرزکردنەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک کۆتایی هات کە 315 پۆلیس و رێپێدراو بۆ ماوەی سێ هەفتە بەشدارییان تێدا کردبوو، پلەکانیشیان بەرز کرایەوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک گوتیشی: "لەو خولەدا چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ چەک و لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیشدا هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵک و چەندین وانە و تەوەری دیکە لەلایەن فێرکار و راهێنەرانەوە گوترانەوە''.

سەبارەت بە رووداوی گیانلەدەستدانی بەشدارێکی خولەکە لە کاتی مەشق و راهێنانەکان، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک گوتی: "ئێمە زۆر دڵگرانین کە لەم خولەدا کارمەندێکی دڵسۆز بە ناوی (مێهڤان شوکرى) گیانی لەدەست دا،  بۆ رێزگرتن و وەفاداری بۆ ئەم کارمەندە دڵسۆزە، ئەم خولە بە خولی شه‌هید (مێهڤان شوکرى) ناو نرا و بەڵێنیش دەدەین لەسەر خزمەتکردن بە خاک و نیشتمان بەردەوام بین و ئەم دەسکەوت و ئارامییە بپارێزین".

لای خۆیەوە، د.عه‌لى ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆک، کە ئامادەی رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولەکە بوو، لە وتەیەکدا گوتی: "دڵگرانین کە لەم خولەدا پۆلیسێک بەهۆی رووداوێکەوە گیانی لەدەست دا، لە خوای گەورە داواکارین جێگای بەهەشت بێ و ئارامی و دڵنەوایی بە کەسوکاری بدات".

گوتیشی: "هیوادارم ئەم خولانە بەردەوام بن و وەک پارێزگاری دهۆک پشتیوانیی خۆم بۆ پۆلیس دووپات دەکەمەوە".

 

ڕامان وریا